بەڕێوبەریی خۆسەریی: پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و هاوڵاتیانمان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا

هەولێر – نۆرس پرێس

دوینێ شەممە، لە لێدوانیکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان، عەلی حەجۆ، هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان پابەندی خۆیانی بۆ پاراستنی ئاسایش ناوچەکە و راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەرامبەر بە هاوڵاتییانی رۆژئاڤا راگەیاند.

گوتیشی:”داگیرکاری تورکیا ژێرخانی ئابووری و رۆژئاڤا و توانستەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی دەکاتە ئامانج”.

بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوبەریی خۆسەریی، تا ئێستا بە هۆی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە، شەش ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون.

دەستەی ناوخۆی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان، سەرکۆنەی پەرەسەندنەکانی هێرشەکانی “داگیرکەری تورکیا”ی بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل و دامەزراوە ژیانییەکان دەکات، لەوانە وێستگەکانی دابینکردنی کارەبا و ناوەندەکانی هەڵگرتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

دەستەی ناوخۆ، لە زاری هاوسەرۆکەکەیەوە، بەڵێن دەدات بەردەوام بێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە دانیشتوان و پاراستنی ئاسایش لە رۆژئاوای کوردستان.

لە کۆتاییدا، هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆ، داوای لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە “داعش” و وڵاتانی گەرەنتیکەر کرد بۆ ئاگربەست کرد، هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا روون بکەنەوە و هێرشەکانیشی بە ئاستەنگ وەسف کرد بۆ جەنگی تیرۆر و راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش.