نەتەوەیەکگرتووەکان: ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستانەوە 320 کەسی تێپەڕاندووە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ شەممە، نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، رەنگە ژمارەی کوژراوانی ئەو بوومەلەرزەیەی کە دوێنی شەممەی، ئەفغانستانی گرتەوە، 320 کەسی تێپەڕاندبێت، ئەمەش سێ هێندەی ئەو ژمارەیە فەرمییە کە حکومەتی تاڵیبان لەو وڵاتە رایگەیاندووە.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا گوتیان، کە زیاتر لە 320 کەس گیانیانلەدەستداوە، کەمێک دوای ئەوەش رایانگەیاند کە ئەم ژمارەیە هێشتا پشتڕاستکردنەوە بۆ ژمارەی قوربانیان بەردەوامە، لەکاتێکدا پێدەچێت تەرمی زیاتر لە ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکەدا بەجێمابێت.
لە راپۆرتێکی سەرەتاییدا لەلایەن دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکی (USGS)ەوە هاتووە: “وا چاوەڕوانکراوە زیانێکی بەرچاو لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەوە روویدابێت، کە گوڕەکەی 6.3 پلەی رێختەر بووە”.
نەخشەیەک کە لە ماڵپەڕی جیۆلۆجی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بە زنجیرەیەک بوومەلەرزە لە رۆژئاوای ئەفغانستان دەکات، لەوانە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلە بە دووری 32 کم لە باکووری رۆژئاوای هێرات، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە لە 30 کم لە باکووری رۆژهەڵاتی زیندەگان و بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.3 پلە لە دووری 26کم لە باکووری باکووری رۆژهەڵاتی زیندەجان لە رۆژئاوای شاری هێرات روویانداوە.
پارێزگای هێرات دەکەوێتە سەر سنووری ئێران و بوومەلەرزەکە لەلایەن دانیشتوانی پارێزگای فەرەح و بەدغیسی نزیک و هەندێک شارۆچکەی نزیکی ئێران هەستیان پێکراوە.
سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیان کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە راگەیەندراوە، بەڵام هێشتا ئەو ژمارانەی کە حکومەتی تاڵیبان رایانگەیاندووە، نزیکەی سێ ئەوەندە کەمترە، واتە لە 120 کەس تێناپەڕێت.
ئێوارەی دوینێ شەممە لە شاری هێرات، شەقامە گشتییەکان پڕبوون لە دانیشتوان، کە دوای ئەوەی دەنگۆی بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە لە سۆشیال میدیا، ماڵەکانیان جێهێست.
ئەم بوومەلەرزەیە کوشندەترین بوومەلەرزە بوو لە ئەفغانستان لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، بەو پێیەی لە بومەلەرزەکەی پێشوودا لانیکەم هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەفغانستان بەهۆی کشانەوەی بەربڵاوی یارمەتییە دەرەکییەکان لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە مانگی ئابی 2021، تووشی قەیرانێکی توندی مرۆیی بووە.
بەشی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی ویلایەتی هێرات رایگەیاند: “تا ئێستا زیاتر لە هەزار بریندارمان ژماردووە کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوویان تێدایە و لانیکەم 120 کەسیش گیانیان لەدەستداوە”.