نوێنەرایەتی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا شەرمەزار دەکات

سلێمانی – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، رێکخراوی “دەستپێشخەریی ژنان بۆ پاراستنی کوردستان لە داگیرکاری” بە هاوبەشی لەگەڵ “دایکانی ئاشتی”  کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان لەبەردەم نوسینگەی نوێنەرایەتی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان، لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد.

بە گوێرەی بڵاوکراوەیەکی نوسینگەی نوینەرایەتی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا تیشک خراوەتە سەر “دڕندەیی داگیرکەری تورکیا” لە بەئامانجکردنی دامەزراوە نەوتییەکان و وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ئابووری و ناوەند و دامەزراوە مەدەنییەکانی رۆژئاوای کوردستان.

هاوکات ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کرد و داوای راگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیان کرد بۆ سەر ئەو ناوچانە.

لە هەمان کاتدا جەختیانکردوەوە لەسەر پێویستی خێراکردنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رێگریکردن لە “دڕندەیی و بەربەرییەتی تورکیا” و دەستوەردانی ئاشکرای تورکیا لە ناوچە ئارامەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی راگەینراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، تیشک خراوەتە سەر ناو و ژمارەی ئەو ناوچانەی بەڕێوبەریی خۆسەریی کە لە لایەن درۆنەکانی تورکیاوە کرابوونە ئامانج.