گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە هەڵکشاندان و زەنگی ئاگاداری جەنگ لە ئیسرائیل لێدرا
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، سوپای ئیسرائیل زەنگی ئاگاداری جەنگی راگەیاند، ئەوەش پاش ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دێت، کە لە رێگەی هەڵدانی موشەک و دزەکردنی چەکدارانی حەماسەوە لە غەززەوە بۆ ناو ئیسرائیل، گرژی نوێ سەریهەڵدایەوە.
جەنگەکە لەوێوە دەستیپێکرد، کە زیاتر لە هەزار چەکداری کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، هێرشیان كرده سهر شار و شارۆچکە ئیسرائیلییەکانی نزیک کەرتی غەززە و نزیکەی پێنج هەزار موشەکیان ئاڕاستەی ناوچەکانی ئیسرائیل کران لە دەوروبەری کەرتی غەززە، بەمەش نزیکەی 55 هەزار هاووڵاتی ئیسرائیلی کرانە ئامانج، هێزەکانی ئیسرائیلیش لەو ناوچانەدا رووبەڕووی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس بوونەوە کە هێرشەکەی خۆیان ناونابوو ” تۆفانی ئەقسا”.
بە گوێرەی راگەێنراوی فریاگوزاری ئیسرائیل، نزیکەی 300 کەس لە لایەنی ئیسرائیل کوژراون و هەزار و 100 کەسی دیکەش برینداربوون، لە کاتێکدا ژمارەی کوژراوانی فەلەستینییەکانیش سەروو 200 و زیاتر لە 600 کەسیش برینداربوون، لەگەڵ بەردەوامی جەنگەکەشدا، ژمارەکانیش لە هەڵکشاندان.
چەکدارانی کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس کۆنتڕۆڵی چەند شارۆچکەیەکی نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکانیان کردووە و ژمارەیەکیان دەستگیرکردوون، بەنیازن بۆ دەستبەرداربوون لێیان، مەرجیان هەبێت، یەک لەو مەرجانە، رێزگرتنە لە ئەقسا، و دانانی بنەمای نوێ یە بۆ رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل، داواشیان لە وڵاتانی عەرەبی کردووە، پاڵپشتی لە “تۆفانی ئەقسا” بکەن، کە بۆ ئیسرائیل چاوەڕواننەکراو بوو.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شەوی رابردوو لە بارەی ئەم جەنگەوە گوتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا رایگەیاند “لەم جەنگەدا سەردەکەوین، بەڵام باجەکەی قورسە، سوپاکەمان ئەو ئۆردوگایانە کۆنترۆڵدەکاتەوە کە چەکدارەکان دزەیان کردە نێویانەوە.”
گوتیشی “حەماس لە سەلامەتیی هەموو دیلەکان بەرپرسە.’ هەروەها جەختی کردەوە لەوەی بەهێزەوە لە هەموو شوێنێک لە حەماس دەدەن.
ناسەقامگیریە ئەمنییەکە ئەمجارەیان زۆر قووڵ بووەتەوە و گۆڕانی بەسەر بنەمای هاوکێشە سەربازییەکاندا هێناوە، لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا، تا ئێستا ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرە رووینەداوە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دانیشتنی تایبەت بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و هێزەکانی فەڵەستین رێکبخات، سەرۆکایەتی ئەمریکاش پشتیوانی تەواوی بۆ حکومەت و خەڵکی ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە.
وەک چاوەڕێ دەکرا، ئەمریکا و ئەوروپا بەپەلە پشتگیری خۆیان بۆ ئیسرائیل دەربڕی، لە بەرامبەردا ئێران و عێراق پشتگیریان بۆ حەماس دەربڕی.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا کە هێرشەکەی حەماسی بە “تیرۆریستی” ناوبرد، رایگەیاند “ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و درێخی ناکات لە پێدانی یارمەتی بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات.”
گوتیشی، ئیسرائیل مافی “بەرگریکردن لەخۆی” هەیە دژی هێرشەکانی حەماس.