ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی دەسگیرکردنی چەند سەرکردەیەکی داعشی راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە روپەڕی فەرمیی خۆی لە تویتەر گرتە ڤیدیۆی دانپێدانانی شەش کەسەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئەمە ڤیدیۆی دانپێدانانی شەش سەرکردەی بەناو ‘یەکەی فارووق’ی چەتەکانی داعشە لە پارێزگای کەرکووک، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستگیرکران”.

لە گرتە ڤیدیۆکەدا کە چەند دیمەنێکی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی دەستگیرکردنەکانیشیانی تێدایە، یەکەم دەستگیرکراو لە وەڵامی پرسیارەکانی لێکۆڵەرێک دەڵێت: “بە تیرۆر تۆمەتبارم و لە یەکەی فارووق بووم. کارگێڕیی گشتیی یەکەی فارووق بووم؛ لە 2014 بەڵێنم دایە رێکخراوەکە [داعش]، ئیدی نێردرام بۆ ویلایەتی کەرکووک”.

هەروەها سەبارەت بەو کردەوانەی کە ئەنجامیداون، دەستگیرکراوەکە دەڵێت: “لە یەکەم کردەوەدا لە هێرشکردنەسەر سەرۆک هۆزێک بە ناوی ‘یاسر سامی’ بەشداربووم کە خەڵکی کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی ببنە حەشدی هۆزەکان… هەروەها لە 2019 لە کوشتنی نزیکەی 9 کەسی دیکە بەشداربووم”.

دواتر دەستگیرکراوەکانی دیکە دان بە میوانداریکردنی چەندین خۆکوژ دەنێن، لەگەڵ بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی حیزبی ئیسلامیی عێراق لە بەغدا و کوشتنی چەند کەسێکی دیکە.