درۆنێک بە دوو مووشەک کامپی مەخمووری بۆردوومان کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، درۆنێک بە دوو مووشەک ناو کامپی مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر، لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کرد، کەسێک گیانی لەدەستداوە و ژنێک و دوو منداڵی دیکەش برینداربوون و زیان بەر هاوڵاتیان و مزگەوتی کامپەکە کەوت.

ئاژانسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، لە زاری شایەتحاڵەکانی ناو کامپەکەوە رایانگەیاند، ئەو درۆنە “کە پێدەچێت سەر بە تورکیا بێت، دەوروبەری کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ، کامپی مەخمووریان لە نزیک پارێزگای هەولێر بۆردوومان کردووە، وەک دەرەنجامێکی سەرەتایی، هاوڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و ژنێک و دوو منداڵی دیکەش بە ناوەکانی، (زەینەب ئیبراهیم، عەگید تەکین عوسمان و ئازاد شەفیق محەمەد) برینداربوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسە ناوخۆییەکان، بۆردوومانەکە ناوەندی کامپەکەی کردووەتە ئامانج، بە دیاریکراوی گەڕەکی دوو و مزگەوتی کامپەکە بە تەواوی زیانی زۆری بەرکەووتوە و ماڵەکانی دەوروپشتی مزگەوتەکەش زیانی ماددی زۆریان بەرکەووتوە.

کامپی مەخموور، ساڵی 1998 لە داوێنی چیای قەرەچووخ دروستکراوە، نزیکەی 12هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوردی باکووری کوردستانی تێدا نیشتەجێن، کە بەهۆی سوتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیانەوە، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لە ساڵی 1994 ئاوارەی باشووری کوردستان بوون.