پارت و لایەنەسیاسییەکانی رۆژئاڤا “هێرشە دوژمنکارەکانی تورکیا” و بێدەنگی نێودەوڵەتی لە ئاستیدا شەرمەزار دەکەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، پارتە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان هێرشەکانی تورکیایان بۆ سەر ناوچە جیاکانی رۆژئاوای کوردستان، شەرمەزار کرد، هەروەک”بێدەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بە تاوانەکانی تورکیا”یان سەرکۆنە کرد و خوازیاری چارەسەری سیاسی بوون بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لەو وڵاتە.
لە کاتژمێرەکانی زووی بەیانی دوێنێ پێنجشەممەوە، درۆنەکانی تورکیا دەیان ناوچەیان لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج، لە رۆژێکی خوێناویدا کە نزیکەی 20 قوربانی لێکەوتەوە و زیان بە کەرتەکانی وزە و کارەبا و ئاو و دامەزراوە نەوتییەکان کەوت.
ئەمڕۆ 33 پارت لایەنی سیاسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە قامشلۆ رایانگەیاند، کە ئامانجی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر کەرتە ژیانییەکانی رۆژئاڤا، ئیفلیجکردنی ژیانی گشتی دانیشتوان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەیەکدا، کە لە ئێستاوە بەدەست فشارە ئابوورییەکان و ئاستەنگییە ئەمنییەکانییەکانەوە دەناڵێنێت، بەپێی راگەێنراوێک کە لە کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا خوێندرایەوە.
تەڵاڵ محەممەد، سەرۆکی پارتی ئاشتی دیموکرات رایگەیاند، “فێڵەکانی دەوڵەتی تورکیا لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە ناوچەکەدا ناسراون، هەرکات تورکیا هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی دەدات لە نێوان پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستاندا، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوبەری خۆسەری و لاوازکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش، هێرش و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن”.
ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ نۆرس پرێس لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، “هەڕەشەکانی تورکیا کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە خرانەڕوو، ئامانجی بەتاڵکردنەوەی ناوچەکەیە لە دانیشتوانی رەسەن و هێنانەدی گۆڕانکاریی دیمۆگرافییە”.
راگەێنراوەکە “بێدەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بە تاوانەکانی تورکیا” شەرمەزار دەکات و داوای چارەسەری سیاسی دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سوریا.