بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی جەما لە ئێزیدییەکان دەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
جەژنی جەما یەکێکە لە جەژنەکانی کوردانی ئێزدی، ئەم جەژنە دەکەوێتە ناو مانگی تشرینی یەکەمەوە و ماوەی 7 رۆژ دەخایەنێت، چەندین رێوڕەسمی ئایینی کوردانی ئێزدی لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچێت و پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیهان روو لە پەرستگەی لالش دەکەن.
رێورەسمەکانی جەژنی جەمای ئێزدی هاوشێوەی رێورەسمەکانی حەجە لە ئایینی ئیسلامدا، هەروەک ئاوی زەمزەمی موسوڵمانان، بە هەمان شێوە ئاوی کانیی سپی لەلایەن کوردانی ئێزدی پیرۆزە.
ئەمڕۆ هەینی، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەبۆنەی جەژنی جەمای ئێزدییەکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلی ئێزدی دەکەین بە بۆنەی جەژنی جەماوە”.
سەرۆککۆماری عێراق جەختیکردەوە لەسەر پێویستی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هاوڵاتیانی ئێزیدی، “دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییە تاریکپەرستانەی کە کردنیە ئامانج”، ھەروەھا داوایکرد ھەموو ھەوڵێک لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدرێت، بۆ پەلەکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شەنگال.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمبۆنەوە بە هاوڵاتییانی ئێزیدی راگەیاند، “هیوادارم جەژن و پشوویەکی ئارام و بەڕێبکەن و جەژن و بۆنەکانی داهاتوو بۆ هەموومان لە دۆخێکی باشتردا بگەڕێنەوە.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەم بۆنەیەدا، “جارێکی دیکە، بۆ هەموو خوشک و برا ئێزدییەکانمان پشتڕاست دەکەینەوە کە وەکو هەمیشە پاڵپشتیکاری ماف و داواکارییەکانیان دەبین و کار و هەوڵەکانمان بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی هەمیشە بەردەوام دەبن. هەروەها کوردستان بۆ هەموو پێکهاتە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەمیشە وەکو وڵاتی پێکەوەژیان دەمێنێتەوە.”
هەروەها سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی پهیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردهوه کە تێیدا هاتووه: “گهرمترین پیرۆزبایی ئاراستهی رێزداران میری ئێزدییان تهواوی خوشك و برایانی ئێزدی له كوردستان و جیهان دهكهم. گوتیشی: له پشتیوانیكردنی ماف و داخوازییهكانی خوشك و برایانی ئێزدی بهردهوام دهبین”.
ئەمڕۆ هەینی یەکەم رۆژی جەژنی جەمایە؛ رێوڕەسمەکان بەسەر حەوت رۆژدا دابەش دەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمای ئایینی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێوڕەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێوڕەسمی حەوت پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا حەوت کچ وەکو حەوت پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ حەوت فریشتەی ئاسمان.
رۆژی شەشەم، رێوڕەسمی “قەباغ” بەڕێوەدەچێت. لەم رێوڕەسمەدا گایەک سەردەبڕن و گۆشتەکەی دەبێتە “زادێکی پیرۆز” و پێیدەڵێن “سمات”.
رۆژی حەوتەم رێوڕەسمی “بەربەرسوارکردن” بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێوڕەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
لە دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال، ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان راگرت، بۆ ماوەی چوار ساڵ، دوای ئەوە یەکەم جەژن لە ساڵی 2018ەوە دەستی پێکردەوە.