درۆنەکانی تورکیا کۆمپانیایەکی بیناسازی و سێ بیرە نەوت لە قامشلۆ دەکەنە ئامانج

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە درۆنەکانی تورکیا کۆمپانیایەکی بیناسازی و بیرەنەوتەکانیان لە شاری قامشلۆ کردە ئامانج.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تورکیا بۆردومانی زۆر پیگەی لە رۆژئاوای کوردستان کردووە، لەوانە ژێرخانی ئابووری و ناوچەکانی نیشتەجێبوون، بیرە نەوتەکان، ژمارەی قوربانیان تا کاتەکانی سەرلەئێوارە گەیشتە 13 کەس، کە 8یان شەهیدبوون و 5یان بریندار، بەپێی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردن لە ئاژانسی نۆرس پرێس .

پەیامنێری نۆرس پرێس لە قامیشلۆ رایگەیاند، “درۆنەکانی تورکیا کۆمپانیایەکی بیناسازییان لە بەشی باکووری شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج”.

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ئەمبولانس گەیشتوونەتە شوێنی هێرشەکە، دوای ئەوەی ئاگرێکی گەورە لە شوێنەکە کەوتەوە.

راشیگەیاند، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی لەو بۆردوومانە نەبووە و زیانەکان تەنها ماڵی بوون.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، تورکیا کێڵگەی نەوتی ئۆدە و بیرە نەوتییەکانی دیکەی لە گوندی تل خاتوونی لە گوندەواری ترپەسپی لە رۆژهەڵاتی شاری قامشلۆ کردە ئامانج.

بە گوێرەی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردن لە ئاژانسی نۆرس پرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێپێوانەکانی تورکیا 16 شوێنیان لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد و ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە ژیارییەکانیان کردە ئامانج، کە سێ وێستگەی نەوتی لە نێویاندا هەبوون.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ناوچەی کێڵگەی نەوتی ئۆدە لە رۆژهەڵاتی ناحیەی ترپەسپی، لە گوندەواری قامیشلۆ، بۆردوومان کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای روودانی هێرشەکان، دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کەوتبوونەوە.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، هێرشەکان هیچ زیانێکی مرۆییان لێنەکەوتووەتەوە و تەنها سنووردار بوون لە زیانی ماڵیدا.