فڕۆکەکانی تورکیا حەوت شوێن لە رۆژئاوای کوردستان دەکەنە ئامانج
حەسەکە – نۆرس پرێس
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە فڕۆکەکانی تورکیا حەوت شوێنیان لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکردووە و ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە گرنگەکانیان کردۆتە ئامانج.
دوێنێ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشەی کردە سەر دامەزراوە گرنگەکانی رۆژئاڤا و گوتی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی یەکشەممەی رابردووی ئەنقەرە لە سوریاوە پەڕیونەتەوە.
بەڕێوبەریی خۆسەریی، هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە توندی پەیوەندییان لەگەڵ تەقینەوەکەی ئەنقەرە رەتکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، کە تورکیا ئەمە وەک بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنی ناوچەکە بەکاردەهێنێت.
بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، بۆردومانی حەوت شوێنی لە رۆژئاوای کوردستان تۆمەر کردووە، کە یەکێکیان بەنداوێکی گرنگ و ژیانییە لە قەزای چل ئاغا لە گوندەواری قامشلۆ.
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا گوندی تەویلەی لە گوندەواری رۆژئاوای شارۆچکەی تلتەمر لە گوندەواری حەسەکە کردە ئامانج.
لە شاری عامودا لە رۆژئاوای قامشلۆ، درۆنەکانی تورکیا گوندی تل حەباشیان بۆردومان کرد کە 3 کم لە باشووری قامشلۆوە دوورە، هاوکات زانیاری لەسەر بوونی زیانی گیانی هەیە.
پێش ئەوەش، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێکی تورکیا کارگەیەکی لە گوندی موشەیریفات ئەلحەمە لە باکووری رۆژئاوای حەسەکە کردە ئامانج و دوای نزیکەی دوو کاتژمێر، ئۆتۆمبێلێکی لە نزیک ل شوێنی بۆردوومانی یەکەم کردە ئامانج و لانیکەم دوو کەسی بریندار کرد.
هەروەها بۆردومانێکی هاوشێوە شوێنێکی ناحیەی سەڕینی لە باشووری کۆبانی کردە ئامانج.
دوێنێ، بەگوێرەی راگەێنراوێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاساییشی رۆژئاڤا)، بەهۆی بۆردومانێکی تورکیاوە، کە کارگەیەکی بیناسازی لە شارۆچکەی سەفیا لە گوندەواری حەسەکە کردە ئامانج، چوار هاوڵاتی سڤیل برینداربوون.
زنجیرەیەک هێرش دەورووبەری کامپی واشۆکانی ئاوارەکانی سەرێکانیێی کردە ئامانج و بۆردومانەکەش دۆخی ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ئەو شارە دروست کرد.
چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەش جارێکی دیکە ناوچەیەکی نزیک لەو کامپەی کردوەئامانج.
سەرچاوە کارگێڕییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ئەو رێکخراوە مرۆییانەی لە کامپەکەدا کاردەکەن، نووسینگەکانیان چۆڵکردووە و لە کامپەکە دەرچوون.