کارەساتەکەی حەمدانییە.. ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 122 كەس بەرزبووەوە
هەولێر– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانگەی تەندرووستی پارێزگای نەینەوا بڵاویكردەوە، کە 9 كەسی دیكە لە بریندارەكانی کارەساتەکەی حەمدانییە گیانیان لەدەستدا و بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدان بە رووداوەکەوە گەیشتە 122 كەس.
تەندروستی نەینەوا ئەوەشی خستەڕوو، کە تا ئێستا 42 تەرم نەناسراوەتەوە و بەدەیان برینداریش، بە پلەی جیاواز لە ژێر چارەسەردان.
بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی پارێزگای موسڵ لە راگەیاندراوێكدا دواین ئاماری قوربانییانی کارەساتەکەی حەمدانییەی بڵاو كردەوە، تیایدا رایگەیاند، کە كۆی گشتی ئەو بریندارانەی رەوانەی دەرەوەی وڵات كراون، گەیشتووەتە 20 كەس.
شەوی 26ـی مانگى رابردوو لە شارۆچكەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیرییدا، لە ناو هۆڵێکی ئاهەنگ گێڕاندا ئاگرێك كەوتەوە، بەم هۆیەوە تا ئێستا 122 كەس گیانیانلەدەستداوە و بە دەیانی دیكەش برینداربوون.