“مەسەدە” داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات دژ بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا هەنگاو بنێن

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەنگاو بنێن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشەی بۆردومانکردنی دامەزراوە گرنگەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد.

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە”، لە تۆری جڤاکی “X” رایگەیاند، “تورکیا بە شێوەیەکی رۆتینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانمان، ئێستاش هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی ناوچەکەمان دەکات، کە پێنج ملیۆن کەسی تێدایە دەژین، بە ئاوارەکانیشەوە”.

لە کاتێکی پێشتری ئێوارەی ئەمڕۆدا، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە لە دژی ئەوان خراونەتەڕوو، کە پەیوەندییان بە بۆردومانەکەی ئەم دواییەی ئەنقەرەوە هەیە.

یەکشەممەی رابردوو، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، تەقینەوەیەک روویدا، دواتر پارتی کرێکارانی کوردستان کە ماوەی 40 ساڵە لە ململانێدایە لەگەڵ تورکیا، بەرپرسیارێتی خۆی لێ راگەیاند، ئەمڕۆس هاکان رایگەیاند ئەنجامدەرانی هێرشەکە “لە سوریاوە هاتوون”، بەدیاریکراویش مەبەستی لە رۆژئاوای کوردستان بوو.

ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت بەرامبەر بە تۆمەت و هەڕەشەکانی تورکیا هەنگاو بنێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی