ئاسایشی رۆژئاڤا: برینداربوونی چوار هاوڵاتی سڤیل بە هۆی بۆردوومانی درۆنێکی تورکیاوە لە حەسەکە

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایسی رۆژئاڤا) رایانگەیاند، بەهۆی بۆردومانێکی تورکیاوە کە کارگەیەکی بیناسازی لە شارۆچکەی سەفیای لە گوندەواری حەسەکە کردە ئامانج، چوار هاوڵاتی سڤیل برینداربوون.

رۆژی 17ی ئەیلولی رابردووش، ئاسایش رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی درۆنێکی تورکیاوە، کە ئۆتۆمبێلێکیان لەسەر رێگای نێوان شارەکانی قامیشلۆ و عامودا، کردەئامانج ، دوو لە ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە و 8 کەسی دیکەش بە پلەی جیاواز برینداربوون، لە کاتێکدا لە هەوڵدا بوون بۆ دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بەرکەوتووانی بۆردوومانەکە.

ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی رۆژئاڤا لە رایگەێنراوەکەیاندا دەڵێن، کە دەوڵەتی تورکیا “بەردەوامە لە سیاسەتی دەستدرێژی بۆ سەر ناوچەکە و تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش”.

ئاماژەیان بەوەشدا، کە هاوڵاتیە سڤیلە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام له راگەینراوەکەدا ناوی بریندارەکانیان ئاشکرا نەکردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: روبین عومەر