لە سوریاوە بۆ ئەفریقا.. دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی تواناکانی “داعش” هەڵدەسەنگێنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) سەرەڕای لەدەستدانی کۆنترۆڵی جوگرافیای، هێشتا مەترسییە لە سوریا و عێراق و ئەفریقا.

ئیان جی مەکاری، جێگری نێردەی تایبەتی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش، وردەکارییەکانی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی تواناکانی رێکخراوەکە خستەڕوو، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی “دیڤانس وێب”، کە تایبەتمەندی کەرەستەی سەربازی و بەرگرییە لە ئەفریقا.

ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، داعش بەردەوامە لە دروستکردنی کێشە و ئاڵنگاریی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و عێراق و چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهان.

مەکاری پێی وایە ئەو رادەیەی پێشکەوتن کە لە هەڵمەتی دژی رێکخراوەکەدا بەدیهاتووە “بەرچاوە”، بە بەراورد بە ساڵانی 2015 و 2016، کە ناوچەیەکی فراوانی خاکیان لە موسڵەوە تا رەققە کۆنترۆڵکردبوو، کەوا درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و سوریا، لەکاتێکدا ئەمڕۆ کۆنتڕۆڵی هیچ ناوچەیەک ناکەن، بە گوتەی ئەو.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، “داعش” هێشتا توانای دەستپێکردنەوەی هێرشی بچووکی پاراستووە.

هەرچەندە ئەو پێی وایە هێشتا شەڕی داعش لە سوریا و عێراق کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئاڵنگاری سەرەکی بە گوتەی مەکاری، بەدەستهێنانی سەقامگیری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و بنیاتنانەوەی ژێرخانی کۆمەڵگا و یارمەتیدانی ئەو خێزانانەیە کە پێشتر بەدەست کۆنترۆڵی رێکخراوەکەوە دەیانناڵاند.

مەکاری نکۆڵی لەوە ناکات کە رێکخراوەکە، دوای لەدەستدانی لە عێراق و سوریا، لقی هەرێمیی تایبەتی دامەزراند، بەتایبەتی لە ئەفریقا، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ گرنگیدانێکی نێودەوڵەتی بەتایبەتی بە دۆخی ناوچەیی لە رۆژئاوای ئەفریقا و کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە ئەفریقییەکانیان بۆ بنیاتنانی تواناکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە ئاڵنگاریی حوکمڕانی “ترسناک” کرد لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفریقا بە گوێرەی وەسفەکەی ئەو، بەو پێیەی زۆرێک لە ناوچە و وڵاتانی جیاواز لە کیشوەرەکەدا پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی حکومیی کاریگەریان نییە، ئەمەش هەلومەرجێک دروست دەکات کە رەنگە بەشێک بێت لە هۆکاری سەرهەڵدانی گروپە چەکدار و توندڕەوەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر