بازرگانی سوریا: کار دەکەین بۆ باشترکردنی ئاڵوگۆری بازرگانی لە گەڵ تونس
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی سوریا، محەمەد ئەبو ئەبوهودا ئەلەحام، رایگەیاند، هەوڵدەدەن پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تونس “لە سەرجەم بوارەکاندا پەرەپێبدەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تونس یەکێکە لەو وڵاتانەی هاوکاری سوریا دەکات.”
لێدوانەکەی ئەلەحام بۆ رۆژنامەی نیمچە فەرمی “ئەلوەتەن” پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی سوریا لە تونس محەمەد محەمەد هات، لە دیمەشق کە لەبەردەم بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دوێنێ دووشەممە سوێندی یاسایی خوارد.
سەرۆکی یەکێتییەکە ئاماژەی بەوەدا کە هەموو جۆرە بەرهەمێکی سوریا لە تونس “ناسراو و بەناوبانگ”ن، و لە بازاڕی بازرگانی و پیشەسازی تونسدا خواستیان لە سەرە.
ئەلەحام ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی لەگەڵ بازرگانانی تونس لە ئاستی پێویستدا نییە، ئەم بابەتەش کاریگەری لەسەر کاری بازرگانی نێوان هەردوولا هەیە.
روونیشیکردەوە، یەکێتیەکە هەوڵدەدات بازاڕی نوێ بکاتەوە، بەشداری لە پێشانگاکانی تونسدا بکات، سەردانەکانی بۆ ئەوێ چڕبکاتەوە و کار بۆ ئاسانکاری گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان هەردوو وڵاتدا بکات، ئەگەر ئەمە بەدیبهێنرێت، ئەوا پەیوەندییە بازرگانییەکان باشتر دەبن.