
مۆسکۆ واشنتن بە ئەنجامدانی “پێشێلکاری” لە ئاسمانی سوریا تۆمەتبار دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری رووسیا فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی 10 هێرشی ئاسمانی “مەترسیدار” لە سوریا لە ماوەی دوێنێ دووشەممەدا.
جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، ڤادیم کۆلێت لە رایگەێنراوێکدا گوتی، “دۆخی مەترسیدار” لە ناوچەی تەنەف لە باشووری رۆژهەڵاتی سوریا روویداوە، ئەویش لەلایەن چوار جووت فڕۆکەی جەنگی جۆری F-16 و دوو فڕۆکەی MQ-1C ەوە کە سەر بە هاوپەیمانییەکەن ئەنجامدراوە.
ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا کە بە بنکەی حمەیمێم ناسراوە و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سوریاوە، داتاکانی پەیوەست بە پێشهاتە سەربازییەکانی سوریا بڵاودەکاتەوە، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە رێککەوتنی لێکتێگەیشتنی ئاسمانیەوە هەیە لەگەڵ ئەمریکادا.
ئەو پرۆتۆکۆڵانەی لە 9ی کانونی یەکەمی 2019دا لەنێوان رووسیا و ئەمریکا واژۆ کراون، پەیوەندییان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەیە، بەپێی ئەو پرۆتۆکۆلانە هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا ئەنجام دەدرێت بۆ رێگریکردن لە فڕینە ئاسمانییە مەترسیدارەکان.
ئەمریکا چەند جارێک رایگەیاند کە فڕۆکەکانی تووشی هەراسانکردن بوونەتەوە لە لایەن رووسیاوە، کە هەندێکیانیان بە “مەترسیدار” باسکرد، کە لە ماوەی دوو مانگی رابردووی تەمموز و ئابدا روویانداوە.
کۆلێت گوتی “ئەوەی فڕۆکەکانی هاوپەیمانەکان پێی هەڵدەستن، دروستکردنی هەلومەرجی “مەترسیدار”ە بۆ رووداوە فڕۆکەوانیەکان، کە رەنگە ببنە هۆی زیاتر تێکدانی دۆخی ئاسمانی سوریا”.