هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی 6 تۆمەتباریان بە ماددەی “تیرۆر” راگەیاند، کە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ن لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا و میسان.
هێزە عێراقییەکان بەردەوامن لە راوەدوونانی ئەندامانی “داعش” لەو وڵاتەدا، بەو پێیەی رۆژی چوارشەممەی رابردووش دوو ئەندامی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و میسان لە رۆژهەڵات و ناوەڕاستی وڵاتەکە دەستگیر کرد.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری عێراق لە راگەیەنراوێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گواستیەوە، رایگەیاند، “بەپێی زانیاریی هەواڵگریی ورد و لە رێگەی بۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراوەوە، لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا و میسان، 6 کەسی تۆمەتبار بە “تیرۆر” لە ناحیەکانی فەللوجە و مەجەڕی گەورە، شورا و سەقڵاوییە، دەستگیرکران.”
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەنێو ئەو شەش کەسەدا ژنێکی تۆمەتبار هەیە کە کاری دەکرد لە دابەشکردنی ئەوەی داعش پێی دەڵێ “کەفالەت” لەنێوان کەسوکاری ئەندامانی “داعش”دا لەو شوێنەی کە ناویانناوە “ویلایەتی نەینەوا”.
ئاماژەیان بەوەش کرد، کە سەرجەمیان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسا لە سەریان.