دیمەشق: بەر لە دەرچوونی هێزەکانیان.. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا مەحاڵە
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەسام ئەلسەباغ، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، دیمەشق کە بوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکەکەی بە “داگیرکاری و ئامادەبوونی نایاسایی” دەزانێت، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە بە “مەحاڵ” دەزانێت بەر لە کشانەوەی ئەو هێزانە لە خاکی سوریا.
لە لێدوانەکانیدا بۆ ئاژانسی “ریا نۆڤستی”ی رووسی، ئەو بەرپرسە سورییە پشتی بە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەستووە کە داوای “رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا” دەکات، ئاماژەی بە لێدوانە هاوشێوەکان کردووە کە لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئەستانەدا دەرکراون، کە تورکیا بەشێکە لێی.
جگە لە دانوستانەکانی ئەستانە، هەریەکە لە مۆسکۆ و تاران لە چوار خولدا نێوەندگیری دەکەن لەسەر ئاستی بەرگری و کاروباری دەرەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، بەڵام ئەنجامێکی بەرجەستەیان بەدەست نەهێناوە و هەردوولا پێداگرییان لەسەر سەپاندنی مەرجەکان کردووە.
ئەلسەباغ داوای لە تورکیا کرد هێزەکانی لە ناو خاکی سوریا بکشێنێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دیمەشق ئامادەیە هەر لایەنێکی دیکە لەگەڵ ئەنقەرە تاوتوێ بکات، بەڵام نابێت پێداگری لەسەر مانەوەی هێزەکانی بکات، وەک خۆیان دەڵێن.
ناوچە بەرفراوانەکان لە ئیدلب و عەفرین لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، تا دەگاتە سەرێکانیێ لە رۆژهەڵات، لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا و میلیشیا سوورییەکانی دڵسۆزدان بۆی، ئەمەش دوای ئۆپەراسیۆنە یەک لە دوای یەکەکانی ساڵانی رابردوو بە بیانووی “ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا”.
دیپلۆماتکارە سورییەکە باسی بوونی هێزەکانی تورکیا دەکات و دەڵێت: “ئەمە داگیرکارییەکی نایاساییە و رێگرە لە هەر هەوڵێک بۆ دامەزراندنی هەر جۆرە پەیوەندییەک”.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، وەزیری بەرگری تورکیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، کە رۆژنامەی “ستار”ی تورکیا بڵاویکردەوە، رایگەیاند، سەربازەکانیان لە سوریا ناکشێنەوە، هەروەها باسی لە لاوازی دەوڵەتی سوریا کرد لە کۆنترۆڵکردنی خاکەکەیاندا.