وەزیری ناوخۆی ئوردن: “هەر بارهەڵگرێک لە سوریاوە دێت شیمانە دەکرێت ماددەی هۆشبەری هەڵگرتبێت”
دیمەشق – نۆرس پرێس
مازن ئەلفەرایە وەزیری ناوخۆی ئوردن رایگەیاند، “هەر بارهەڵگرێک کە لە سوریاوە دەچێتە ناو ئوردونەوە ئەگەری هەیە ماددەی هۆشبەری هەڵگرتبێت”، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی سوریا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی چالاکییەکانی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان.
ئەلفەرایە لە راگەێنراوێکدا کە میدیای فەرمی بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، کە کەنداوی عەرەبی یەکێکە لە شوێنە سەرەکییەکانی هاتنی ماددەی هۆشبەر لە سوریاوە بۆ ئوردن.
وەزیری ناوخۆ ئاشکرای دەکات، 80%ی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە لە ئوردون دەستیان بەسەردا گیراوە، لە دەرەوەی وڵاتەوە هەناردەکراون، ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوە ئەمنییەکان هەڵمەتی تایبەت و پلان بۆداڕێژراویان دژ بە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان جێبەجێکردووە.
وەزیرەکە ئاماژەی بەوەدا کە بە درێژایی سنووری هاوبەشی 378 کیلۆمەتر، “تەنها لەلایەن ئوردنەوە کۆنتڕۆڵکراوە”، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەردەوامی لێکۆڵینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سورییدا هەیە، بەڵام ئەوان (دیمەشق) “تا ئەو رادەیەی لە توانایاندایە وەڵام دەدەنەوە”، وەک ئەو دەڵێت.
ئوردن وا گریمانە دەکات کە هەر بارهەڵگرێک کە لە سوریاوە دەچێتە ناو دەروازەی جابرەوە، ماددەی هۆشبەری هەڵگرتبێت، تا ئەوکاتەی پێچەوانەکەی دەسەلمێنرێت، هەر بۆیەش بە وتەی وەزیری ئوردن بەردەوام بازگەکانی پشکنینی سنووریی لە ئوردن قەرەباڵغن.
ئەلفەرایە باسی لە شێوازە پێشکەوتووەکانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کرد، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بۆ قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت، ئەمە جگە لە شێوازەکانی شاردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ئۆتۆمبێل بە شێوەی جیاواز و تێکەڵکردنی لەگەڵ هەندێک جۆری سەوزە و میوەدا.