چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق هەر جۆرە “دەستدرێژییەک” بۆ سەر خاکی وڵاتەکە رەتدەکەنەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق رەتکردنەوەی هەر”دەستدرێژییەک”یان دووپات کردەوە کە خاکی عێراق بکاتە ئامانج، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان.

18ی ئەیلولی رابردوو درۆنێکی تورکیا فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی شاری سلێمانی کردە ئامانج، کە بۆ مەشقی سەربازی دەزگای دژەتیرۆر لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرا و بەهۆیەوە 3 ئەندامی دەزگاکە گیانیانلەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی، کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان و دۆخی گشتی وڵات.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی عێراق کرا، وەک لە راگەێنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا ئاماژەی پێکراوە.

سەرکردە پلە یەکەکانی عێراق، هەر جۆرە “دەستدرێژییەک”یان رەتکردەوە، کە خاکی عێراق بکاتە ئامانج، بەو پێیەی “پێچەوانەی پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باشە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دەکات”.

پێشتریش لیوا قەیس ئەلمحەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، رایگەیاندبوو، “هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا” “پێشێلکارییەکی زۆر روون و قبوڵنەکراوی سەروەری عێراقە” و هەروەها پێشێلکردنی نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، وەک ئەو دەڵێت.

چوار سەرۆکایەتییەکە جەختیان لەوە کردەوە کە “کێشە و ناکۆکیەکان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش چارەسەر دەکرێن”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر