عێراق “دەستدرێژییەکانی” تورکیا و ئێران رەتدەکاتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق “هێرشەکانی” تورکیا و ئێرانی بۆ سەر خاکی عێراق رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکەی ئەم دواییەی تورکیا “پێشێلکارییەکی ئاشکرا”یە بۆ سەروەری وڵات.
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا قەیس محەممەداوی، رایگەیاند کە “پرسی پێشێلکردنی” سەروەری عێراق، جا لەلایەن ئێرانەوە بێت یان تورکیا، یان هەر وڵاتێکی دیکە، “قبووڵ نیە”.
ناوبراو لە بەیاننامەکەیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقیە ئاماژەی بەوەدا کە “هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا” “پێشێلکارییەکی ڕوون و قبوڵنەکراوی لەسەر سەروەری عێراقە” هەروەها پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لە 18ی ئەیلولی ڕابردوو دڕۆنێکی تورکیا فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی شاری سلێمانی کردە ئامانج وبەهۆیەوە 3 ئەندامی دەزگا ئەمنییەکان شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
محەممەداوی ئاماژەی بەوەشکرد، “هیوادارم” هێزەکانی عێراق کۆنتڕۆلی خاڵە سنووریەکان بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، “کارێکی گەورە هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری تورکیا و گەیشتن بە هەندێک لێکتێگەیشتن”.
ئەو بەرپرسە سەربازییە جەختی لەوە کردەوە کە دەستووری وڵات “رێگە نادات” خاکی عێراق ببێتە شوێنی هێرش کردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، جا چ ئێران بێت یان تورکیا.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران، محەممەداوی ڕایگەیاند، نزیکەی ساڵێکە لیژنەیەکی باڵای عێراق کاردەکات بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، ئاماژەی بەوەشکرد کە “رێککەوتنێک هەیە بۆ دوورکردنەوەی حیزبە کوردییەکانی ئێران لەسەر سنوورەکان”.
ئەمڕۆش، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنی و بەمەبەستی تەواوکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بەرەو تاران بەڕێکەوت.
سەبارەت بە ترسی گەڕانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”، محەمەداوی ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ گەشەکردنی تواناکانی عێراق، دابەزینێکی بەرچاو لە تواناکانی “داعش” لە ئاستی دامەزراندن و پلاندانان، و چەکدارکردن هەیە (.. ) و وەک دیدێکی ئەمنی، تەنانەت ئەگەر ژمارەیەک مەفرەزەی سەر بە ڕێکخراوەکە بمێننەوە، ئەوا مەترسی دروست ناکەن.