لە هێرشی جیاوازدا لە رۆژهەڵاتی سوریا.. کوژراو و بریندار هەیە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزووری رۆژئاوای کوردستان، ئەندامێکی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران کوژرا و یەکێکی دیکەش لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە بریندار کران، هەروەها فەرمانبەرێکی بەڕێوبەریی خۆسەریی شەهید بوو و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

لە شاری رەققە، ئاژانسەکانی نزیک لە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە لە لیستە نێودەوڵەتییەکانی تیرۆردان، رایانگەیاندووە، کە چەکدارانی رێکخراوەکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردووەتە ئامانج.

سەرچاوەیەکی خۆجێی لە شارۆچکەی ئەلحەوایج لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، دوو چەکداری نەناسراو بە سواری ماتۆڕسکیلەوە و بە چەکی ئۆتۆماتیکی لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەکە تەقەیان لە هەریەکە لە “مەحمود ئەلکەتۆ” و “سەعد ئەلوەردی” کردووە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووە هۆی گیلەدەستدانی “ئەلکەتۆ”، و برینداربوونی “ئەلوەردی”، دواتر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەیە ئەلشحێل بۆ چارەسەرکردن و لە “دۆخێکی تەندروستی ناجێگیردایە”، بەپێی ئەو سەرچاوەیە.

“ئەلکەتۆ” سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێیە لە شارۆچکەی ئەلحەوایج و “ئەلوەردی” ئەفسەری خزمەتگوزارییە لە هەمان ئەنجومەن.

لە لایەکی دیکەوە، لە رۆژئاوای شاری دێرەزوور، سەرچاوەیەکی سەربازی لە لیوای قودسی لایەنگری ئێران رایگەیاند، چەکدارێکی نەناسراو ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لیواکەیانی لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی ئەلبوغەیلیە کردووەتە ئامانج.

ناوبراو بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، بە ئامانج کردنەکە کوژرانی ئەندامێکی لیوای قودسی لایەنگری ئێران و برینداربوونی یەکێکی دیکەی لێکەوتەوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر ئەندامێکی هێزە ئەمنییە سەربازییەکانی سەر بە حکوومەتی سوریا، لە شارۆچکەی هەرمووشییە لە رۆژئاوای دێرەزوور، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژران.

لە ڕووداوێکی دیکەدا دەزگای “ئەعماق”ی نزیک لە داعشەوە، ​​رایگەیاندووە، چەکدارانی رێکخراوەکە بۆمبێکی چینراویان بە ئۆتۆمبێلیکی سەربازی “هەسەدە”دا تەقاندووەتەوە لە نێوان شارۆچکەکانی عەین عیسا و تل سەمەن لە باکووری رەققە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی برینداربوونی چوار ئەندام و زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکەیان، لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر رووداوەکە نەداوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان/ماهر مستەفا – دارشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان