دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ شەممە، نووسەر و رۆماننووسی سووری، کە بەشێک لە بەرهەمەکانی گەیشتوونەتە ئاستی جیهانی، خالد خەلیفە، لە تەمەنی 59 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.
نووسەری کۆچکردوو لە گوندی ئەورەم ئەلسوغرا لە گوندەواری شاری حەڵەب لە باکووری سوریا لەدایک بووە، بەشێک لە رۆمانەکانی سەرکەوتنی جیهانی و ناوخۆیییان بەدەستهێناوە، هەروەها نوسینەکانی خوالێخۆشبوو وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی فەرەنسی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، نەرویجی، ئینگلیزی، ئیسپانی و چەند زمانێکی دیکەش.
رۆمانەکانی نووسەری کۆچکردوودا بریتین لە: “پاسەوانی فێڵ” 1993، “لاپەڕەکانی قرتاب” 2000، “ستایشی کینە” 2006 کە لە لیستی روومانە کورتەکاندایە بوو بۆ خەڵاتی پۆکەری عەرەبی، هەروەها “چێشتخانەکانی ئەم شارە چەقۆیان تێدا نییە” 2013، کە دیسان گەیشتە لیستی خەڵاتی پۆکەر و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی نەجیب مەحفوزی لە ساڵی 2013دا بەدەستهێنا، “مەرگ کارێکی سەختە” لە ساڵی 2016، و “کەس نوێژی لەسەر نەکرد” کە لە لیستی رۆمانە درێژەکاندا بوو بۆ خەڵاتی پۆکەری عەرەبی بۆ ساڵی 2020.
خەلیفە، چەندین بەرهەمی درامایی نووسیوە، بەناوبانگترینیان بریتین لە: پەلکەزێڕینە، ژیاننامەی ئال جەلالی، کلیل، سێبەری ژنێک، هێمنی رێژەیی، ئەلعەڕاب “خوار پشتێن”.
چەند رۆژێک لەمەوبەر گۆڤاری “ئیکۆنۆمیست”ی بەریتانی رۆمانی “کەس نوێژی لەسەر نەکرد” لە لیستی خوێندنەوەی هەڵبژێردراوی خۆیدا کاندید کرد.
گۆڤارەکە تێڕوانینێکی گشتی لەسەر ئەو رۆمانە نووسیوە کە لە ساڵی 2019دا لەلایەن (هاشێت ئەنتوان – نۆفل) لە قاهیرە چاپکراوە، تیایدا خەلیفە دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدەی نۆزدە و ناوەڕاستی بیستەم، تا دەمانگەینێتە چواردەووری شاری حەڵەب.
رۆمانەکە باس لە کۆمەڵێک هاوڕێ دەکات کە لە تەمەنی منداڵیدا ژیاون و پێکەوە گەورە بوون، یەکێکیان بە ناوی حەنا دوای رزگاربوونی لە کۆمەڵکوژیی ماردین دەگاتە ئەوێ بۆ ئەوەی لە خێزانێکی موسڵماندا بژی و لەگەڵ “زەکەریا و سوعاد” گەورە دەبێت، نووسەر رۆمانەکەی لەسەر ئەم سێ کارەکتەرە بونیاد دەنێت، بەڵام کارەکتەری دیکە زیاد دەکات کە کاریگەری و رۆڵی بنەڕەتییان لە چوارچێوەی رووداوەکاندا هەبووە.