زیاتر لە 100 ھەزار کەسی ناگۆڕنۆ قەرەباخ  ئاوارەی ئەرمینیا بوون

هەولێر – نۆرس پرێس

بەهۆی ھێرشە بەردەوامەکانی ئازەربیجان بۆسەر هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباخ، تا ئێستا زیاتر لە 100 ھەزار کەس ئاوارەی ئەرمینیا بوون، کە ئەمەش بە نزیکەیی دەکاتە ژمارەی دانیشتووانی سەرجەم ئەو بەشەی هەرێمەکە، کە سەر بە ئەرمینیایە و خۆی 120 ھەزار کەسدا دەبینێتەوە.

کۆڕەو یان کۆچی بەکۆمەڵی ئەرمەنییەکان لە قەرەباخ دوای راگەیاندنی ھەڵوەشاندنەوەی هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباخ دێت، کە لە کۆی دانیشتوانەکەی تەنیا ژمارەیەکی کەمیان ماونەتەوە، کە سەر بە تیمەکانی ئەمبوڵانس و فریاگوزارین و ئەوانیش خۆیان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە ئامادە کردووە.

پێشتریش نەتەوەیەکگرتووەکان رایانگەیاند کە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا تیمێکی مرۆیی بۆ ھەڵسەنگاندنی رەوشی ناوچەکە رەوانە دەکەن.

هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباخ، ماوەی 30 ساڵە لەلایەن دەسەڵاتێکی خۆجێیەوە بەڕێوەدەبرێت، پاش هێرشە سەربازییەکانی ئازەربایجان، حکومەتە خۆجێیەکە بڕیاری داوە لە یەکەم رۆژی ساڵی 2024ـداخۆی هەڵبووەشێنێتەوە.

ترسی تۆڵەسەندنەوە لە نێو دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کە زۆرینەیان کریستیانن لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت  دەستیپێکرد و بڕیاریاندا لە ئازەربایجانی زۆرینە موسڵمان جیاببنەوە، لەوکاتەوە زیاتر لە سێ دەیەیە لەگەڵ باکۆدا لە روبەڕوبوونەوەدان، بەتایبەتی لە جەنگەکانی نێوان ساڵی 1988 و 1994دا، هەروەها لە پاییزی 2020دا.