بۆ جاری دووهەم بۆردومانێکی تورکیا گوندێکی سنووری لە باکووری حەسەکە دەکات بە ئامانج
درباسییە – نۆرس پرێس
دوای نیوەشەوی پێنجشەممە، هێزەکانی تورکیا گوندێکیان لە گوندەواری درباسییە لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
كاتژمێر 1:00ی شەوی رابردوو گوندی جتلی لە رۆژئاوای درباسییە بە چەند هاوەنێكی هێزەكانی توركیا بۆردومان كرا.
سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، چەند گولەیەک لە دەوروبەری گوندەکان کەوتوونەتە خوارەوە، و یەکێکیان بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانێکی دەرەوەی گوندەکەدا.
سێشەممەی ڕابردوو گوندی جتلی و قارەمانی سەر بە گوندەواری دەرباسییە کەوتنە بەر بۆردومانێکی هاوشێوە، بەبێ ئەوەی زیانێکی بەرچاوی لێ بکەوێتەوە.
دوێنێ شەوی پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا گوندی ئەلعەبوشی لە گوندەواری تل تەمر بۆردومان کرد و کارگەیەکی ئیسفەنجیش لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی دیکەوە بۆردومان کرا و زیانی گیانی لێکەوتەوە.
هاوکات هێزەکانی تورکیا و لایەنە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزیان گوندی ئەلدەردارەیان لە نزیک بنکەی روسیا لە باکووری شارۆچکەی تل تەمر بۆردومان کرد و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکانی حکومەت بریندار بوون.