شاندێکی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو تاران بەرێکەوتن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێکەوتن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات، سەبارەت بە پارت و لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان ئامادەن.

نووسینگەی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، کە قاسم ئەعرەجی بە سەرۆکایەتی شاندێکی و بە هاوەڵی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئەمنی بەرەو تاران بەڕێکەوتوون بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، وابڕیارە لەم سەردانەدا ئەعرەجی چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئێران بکەوێت.

ڕۆژی 19ی ئەیلول، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ ئێران، چۆڵکردنی کۆتایی بارەگاکانی  پارت و لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکردەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئەوەی بە پەنابەر هەژمار بکرێن و چەکەکانیان لێ وەربگرنەوە.

رۆژی 4ی ئەیلولی رابردوو، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد و راوێژی لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد سەبارەت بە رێکارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی سنووری هاوبەش لەگەڵ ئێران.

دوای چەند رۆژێک رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ ئەعرەجی کۆبووەوە و بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران ئاڵوگۆڕ کرد.

هەر لەو رۆژەدا کە تاران وادەی دیاریکراوی بەغدای بۆ خۆڕادەستکردنی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران تەواو کرد، وەزیری بەرگری عێراق بڵاوەپێکردنی هێزەکانی عێراقی لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران راگەیاند.

نووسینگەی ئەعرەجی رایگەیاندووە کە سەردانەکەی ئەم جارەیان بە رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: هۆزان زوبەیر