تەقینەوەیەک لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا روویدا

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، تەقینەوەیەک لە ناوچەی کزلای لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا روویدا و بە گوتەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دوو پۆلیسی تورکیا بریندار بوون.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی X ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، کە “نزیک کاتژمێر نۆ و نیوی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دوو تیرۆریست کە بە ئۆتۆمبێلێکی بازرگانییەوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێرشێکیان ئەنجام داوە و بە هۆیەوە دوو کارمەندی پۆلیس بە سووکی بریندار بوون”.

بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا یەکێک لە هێرشبەرەکان کە بۆمبڕێژکراو بووە خۆی تەقاندوەتەوە و ئەوی تریشیان  کوژراوە.

پاش رووداوەکە، رێوشوینی ئەمنی توند لە لایەن دەزگاکانی تورکیاوە گیرایە بەر و وەک میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، سەرجەم رێگاکانی نزیک بە ناوچەی کزلای و رێگای پارلەمانی تورکیا لە ئەنکەرە، داخران.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام تورکیا ئەو هێرشەی وەک “هێرشێکی تیرۆریستی” ناساند.

تا ئێستا زانیاری پشتڕاسکراوە لە سەر زیانەکانی تەقینەوەکە نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە وەزیری ناوخۆیی تورکیا دەڵێ “دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون”.