وەزارەتی تەندروستی: ناچارکردنی نەخۆش و ناردنی بۆ نەخۆشخانەی تایبەت قەدەغەیە و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن
هەولێر- نۆرس پرێس
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا دەنگۆی رێگریكردنی وەزارەتەكە سەبارەت بە ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەك رەت دەكاتەوە و جەختیش دەكاتەوە كە ناچارکردنی نەخۆش و ناردنی بۆ نەخۆشخانەی تایبەت قەدەغەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسایی دەبنەوە.
لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا هاتووە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوودجەی تایبەتی مانگانەی تەرخانکردووە و پێویست ناکات نەخۆش خۆی دابینی بکات، لێرەوە وەزارەتی تەندروستی جەخت لە دابینکردنی پێداویستیەکان دەکاتەوە لەسەر ئەرکی حکومی نەوەک پێشێلکردنی مافی نەخۆش و کڕینی لەلایەن هاووڵاتیانەوە.لەهەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەنجامدانی سەرجەم نەشتەرگەریەکان لە کەرتی گشتی و نەخۆشخانەی حکومی. دیاردەی ناچارکردنی نەخۆش و ناردنی بۆ نەخۆشخانەی تایبەت قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسایی دەبنەوە.”