هەولێرنۆرس پرێس
عێراق سورە لەسەر وەرگرتنەوەی قەرەبوەکانی لە تورکیا، لە ئێستاشدا هەنگاوی نوێ دەنێت و فشار لە دادگای ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی لە رێگەی بڕیارێکەوە تورکیا بە پێدانی 600 ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەند بکات، ئەمەش هێمای ئەوەیە ئەنجامی رێککەوتنی دبلۆماسی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نادیارە.
ماڵپەری “Iraq oil report” بڵاویکردەوە، عێراق هەنگاوی نوێ دەنێت لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی ژوری ناوبژیوانی پاریس، داواش لە دادگای ئەمریکا دەکات بە بڕیاری تورکیا پابەند بکات بڕی 601.9 ملیۆن دۆلار بداتە عێراق.
ئەم ململانێ یاساییانە ئاماژە بەوەدەدات، تورکیا و عێراق نزیک نەبونەتەوە لە رێککەوتنی دبلۆماسی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لە ناوەڕاستی مانگی (ئەیلول/9) وا دەردەکەوت کە بناغەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دارێژراوە, بەڵام دەستپێکردنەوەی ململانێکانی هەردولا لەدادگا وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی شاردوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 25ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ لە دوای دەرچونی بڕیاری ژوری نابژیوانی پاریس، لەسەر دۆسیەی نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، لە بەرژەوەندی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.
پێشتریش ئالپ ئەرسەلان بەیرەکدار وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، دەیانتوانی لەگەڵ عێراق بە رێککەوتنی دبلۆماسی چارەسەری کێشەکان بکەن و هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، بەڵام عێراق رێکاری یاسایی گرتە بەر، ئەوانیش ناچارن بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن.