لە ماوەی مانگێکدا… 12ەمین کاروانی تورکیا هاتە ناو خاکی سوریا

ئیدلب-نۆرس پرێس

ئێوارەی رۆژی هەینی، هێزەکانی تورکیا کاروانێکی سەربازی نوێیان نارد کە کەرەستەی لۆجستی و سەربازیی تێدابوو بۆ ناوچەی کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە باکوری رۆژئاوای سوریا، ئەمەش 12ەمین کاروانە لە سەرەتای ئەم مانگەوە.

هێزەکانی تورکیا لە زیاتر لە 60 خاڵ و بنکەی سەربازی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام (پێشتر بەرەی نوسرە) لە باکووری رۆژئاوای سوریا جێگیرکراون، لەو کاتەوەی لە ماوەی ساڵی 2018دا راستەوخۆ دەستوەردانیان لە ناوچەکەدا کردووە.

سەرکردەیەکی بەرەی لێکۆڵینەوەی نیشتمانی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کاروانێکی سەربازی تورکیا کە زیاتر لە 18 ئۆتۆمبێلی سەربازی و لۆجستی و زرێپۆشی لەخۆگرتبوو، لە رێگەی دەروازەی سنووری کفر لوسینەوە چوونەتە ناو خاکی سوریاوە، ئۆتۆمبێلەکانیش بەرەو خاڵەکانی تورکیا لە جەبەل ئەلزەویە رۆیشتن ، باشووری ئیدلب.

ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەدا کە کاروانەکە 14 زرێپۆش لەخۆدەگرێت لەگەڵ چوار بارهەڵگر کە تەقەمەنی و کەرەستەی لۆجستییان پێبووە و پێدەچێت ئامانجی ئەمەش بەهێزکردنی خاڵە تورکیاییەکانی نزیک لە هێڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا لە باشووری ئیدلب بووبێت.

هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ ئیدلب، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەو پێیەی ژمارەی ئەو کاروانانەی لە ماوەی ئەم مانگەدا هاتوونەتە ناو سوریا گەیشتە نزیکەی 12 کاروانی سەربازی، دوای ئەوەی ئەوانیش زۆرێک لە خاڵەکانیان جێگیر کردەوە.