دیمەشق – نۆرس پرێس
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا رۆژی هەینی رایگەیاند، “جەنگ لە سوریا کۆتایی نەهاتووە، ئێستاش لە شەڕداین، سوریاش وەک شوێنێکی جوگرافی بەدرێژایی مێژووی کۆن و لەوەتەی مێژوو نوسراوە، ناوەندی داگیرکارییەکان بووە”.
ئەم لێدوانەی ئەسەد لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی تۆمارکراودا بوو لەگەڵ تەلەفزیۆنی ناوەندی چین (CCTV).
ئەسەد لەمیانی دیدارەکەدا زیادیکردووە، “ئێستا هەرێمەکەمان لەگەڵ ئەم شەرەدا دوو جۆر مەترسی بەرەوروو دەبێتەوە، ئەوانیش مەترسی لیبرالیزمی مۆدێرنی رۆژئاوا کە لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها مەترسی توندرەوی” بەگوێرەی بەیاننامەکەی.
ناوبراو بەردەوام بوو لە قسەکانی سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەکی لە سوریا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەستێوەردانی دەرەکی لە سوریا ئەوەیە کە رێگری لە چارەسەرەکان دەکات، چونکە کێشەکانی سوریا دەتوانرێت لە ماوەی چەند مانگێکدا چارەسەر بکرێن ئەگەر ئەو دەستێوەردانانە بوەستێنرێن.
لە پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی سوریا لە تەلەفزیۆنی چینییەوە، ئەسەد وەڵامی دایەوە: “بەدڵنیاییەوە دۆخی ئێستا نە باشە و نە خراپە، با روونبین، دۆخێکی خراپە، چونکە کێشەی ئێستا بۆ سوریاییەکان ئەوەیە کێشەیەکی بژێوی ژیان، کێشەی بژێوی ژیان سەبارەت بە دۆخی ئابووری، مەبەستم ئەوەیە و ئازارەکان لە زیادبووندایە.” .
ئەسەد ئاماژەی بەوەشکرد، چین لەرووی سیاسییەوە لەگەڵ سوریا وەستاوە لەرێگەی رۆڵی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایش و لە ژمارەیەک کۆر و کۆربەندی نێودەوڵەتیدا و سروشتییە لەژێر رۆشنایی ئەو هەلومەرجەی جیهان پێیدا تێدەپەرێت.
ئەسەد هیوای خواست کە چین بەردەوام بێت لە رۆڵی سیاسی کە هەمیشە لە زیادبووندایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم رۆڵە سیاسییە لە دەستپێشخەرییەکان جیا ناکرێتەوە، لەوانە دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی، چونکە سەقامگیری بۆ سوریا و ئەوانی دیکە دروست دەکات.
لە کۆتایی دیدارەکەدا ئەسەد جەختی لەوە کردەوە کە سوریاییەکان توانای ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان هەیە کاتێک جەنگ وەستاوە و کاتێک گەمارۆدانەکە کۆتایی دێت، دووپاتیشی کردەوە لە لێدوانەکەیدا کە ناوچەکە هێشتا ”لەبەرامبەر دوو جۆر مەترسیدایە.