كاركردن لە 40 پۆند بەردەوامە و پلانیش بۆ 71 پۆندی دیكە هەیە

هەولێر – نۆرس پرێس

بۆ زیادکردنی ئاوی سه‌رزه‌وی و بەکارهێنانی هەمەلایەنەی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگیی تایبه‌تی به‌ دروستكردنی پۆند داوە، ئەمەش بۆ باشتر سوودوه‌رگرتن له‌ ئاوی سه‌رزه‌وی و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی.

بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 110 پۆند لەلایەن کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ته‌واو كراون‌ و بۆ كاری كشتوكاڵی و سامانی ماسی سوودیان لێ وه‌رده‌گیرێت؛ لە هەمان کاتدا كاركردن لە 40 پۆندیش بەردەوامە و پلانیش بۆ دروستکردنی 71 پۆندی نوێ هەیە‌.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا رەچاوی پێویستی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا لە پارێزگای هه‌ولێر 36 پۆند كاره‌كانیان ته‌واو كراوه‌‌ و لە پارێزگای دهۆك به‌ هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی، كه‌ بۆ درووستكردنی پۆند گونجاوتره،‌ 57 پۆند تەواو کراون. له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان، 17 پۆند كۆتایی هاتوون‌. هاوکات لە هەموو ناوچەکان کارکردن لە 40 پۆند بەردەوامە و پلانیش هەیە 71 پۆندی دیکە لە شوێنی گونجاو دروست بکرێن.

پۆندسازی و دروستکردنی چاڵاو، بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ، سامانی ئاژه‌ڵ و ماسی و باخداری، گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی لێ دەکەوێتەوە. هاوکات دەبێتە پارێزەرێکی گرنگی ئاوى ژێرزەوی و ئەو سامانە بۆ ئایندە دەپارێزێت. لەو سۆنگەوەیە کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی بە دروستکردنی پۆندەکان لە هەموو ناوچەکان دەدات.