بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە، کێڵگەی چەند جوتیارێکی ئامێدی ئاگری لێکەوتەوە

هەولێر-نۆرس پرێس

بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە، کێڵگەی چەند جوتیارێکی گوندی سکێری سەر بە قەزای ئامێدی گڕی گرت و نزیکەی 25 دۆنم زەوی سوتا، ئاگرەکەش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی و خەڵکی گوندەکەوە کۆنتڕۆڵکرا.

چەند شایەتحاڵێکی ئاگاداری روداوەکە رایانگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە، چەند کێڵگەیەکی جوتیارانی گوندی سکێری سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، بەهۆی بۆردومان و ئاگرەکەوە نزیکەی 25 دۆنم زەوی لە کێلگەی جوتیارەکانی گوندی سکێری سوتاوە، ئاگرەکەش لەلایەن خەڵکی گوندکەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

بەهۆی ئەوەی شوێنی ئاگرکەوتنەکەوەکە لە جێگایەکی بەرزبو، تیمەکانی بەرگری شارستانی دوای ماوەیەک گەیشتنە شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکە و تەواوی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، گوندەکانی دەورەبەری قەزای ئامێدی بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن تورکیاوە بۆردومان دەکرێت، هەروەها دو رۆژ لەمەوبەر گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیل لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیاوە بۆردومان کرا، بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستدا.