هەولێر-نۆرس پرێس
ئیدارەی ئەمریکا ملیۆنەها فەرمانبەری فیدڕاڵی و سەربازی، بە شێوەیەکی کاتی ناردەوە بۆ ماڵی خۆیان یاخود بەبێ موچە کاریان پێدەکات، چونکە تا ئێستا کۆنگرێسی ئەمریکا نەگەیشتوە بە دوایین رێککەوتن لە بارەی بودجەی وڵاتەکەوە، پەسەندکردنی بودجەش، خەرجی وەزارەتەکانی پەکخستوە.
زۆربەی جار دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمریکا لە کۆنگرێس دوچاری تانە و رەخنەی ئەندامەکانی کۆنگرێس بوەتەوە، هەندێک لەو ناکۆکیانەش پەیوەستە بە ئیمتیازاتی سیاسییەوە، زۆربەشیان شکست دەهێنن.
ئەگەر ئەندامانی کۆنگرێس لەسەر بودجە رێکنەکەون، ئەوا لە رۆژی یەکشەممە بە دیاریکراوی لە کاتژمێر 12:00 کۆتایی بە پاڵپشتیکردنی دارایی بەشێک گەورەی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکا دێت، ئەگەر راگرتنی پاڵپشتی دارایی ئەو بەشەی حکومەتیش بەردەوامبێت، گورزێکی دیکە بەر ئابوری ئەمریکا دەکەوێت.
کۆمارییەکان کە زۆرینەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێکدەهێنن شکستیان هێنا لە پەسەندکردنی کۆمەڵە پڕۆژەیاسایەکی پەیوەست بە دابینکردنی بودجەی وەزارەتەکان، ئەویش بەهۆی تانەگرتنی چەند ئەندامێک کە داوای کەمکردنەوەی رێژەی خەرجی دەکەن.
لە ئێستادا رێژەی بەرزی قەرز و خەرجی ئەمریکا ناکۆکی لە کۆنگرێس هەڵگیرساندوە، ئەوەش کێشەی بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە دروستکردوە، ئەگەر بودجە پەسەندنەکرێت ئەوا بەشێکی دامەزراوە حکومییەکانی ئەمریکا پاڵپشتی دارییان لێناکرێت و فەرمانبەرەکانیشی بێ کار دەبن، ئەو حاڵەتەش بە “داخستنی حکومی” ناسراوە.
پێشتریش وەزارەتی تەندروستی ئەمریکا لە رێگەی ئی مەیڵێکەوە، هۆشداریدا کە چەند فەرمانبەرێکی سەر بە وەزارەتەکە، بە شێوەیەکی کاتی بێکار دەبن، ناچار دەبن چاوەرێی کۆتایی هاتنی “داخستنی حکومی” بن بۆ ئەوەی موچەکانیان وەربگرن.
لەلایەکی دیکەوە سابرینا سینگ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پێنتاگۆن” رایگەیاند، ئەگەر کێشەکانی بودجە و حاڵەتی داخستنی حکومی بەردەوامبێت، ئەوا سەربازەکانی سوپا لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، بەڵام ناتوانن موچەکانیان وەربگرن.
درێژترین ماوە کە تێیدا کێشە بۆ بودجەی ئەمریکا دروستبوبێت 35 رۆژ بوە، ئەویش لە نێوان مانگی کانونی یەکەمی 2018 و مانگی کانونی دوەمی 2019 بوە.