بەرگری رووسیا بەئامانجکردنی پێگەیەکی هەڵگرتنی درۆنەکانی لە ئیدلیب راگەیاند

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، هێزەکانی بەرگری رووسیا رایانگەیاند کە هێزی ئاسمانی رووسیا کارگەکانی بەرهەمهێنان و شوێنەکانی هەڵگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان و حەشارگە ژێرزەمینییەکانی سەر “بە تیرۆریستان”یان لە پارێزگای ئیدلبی سوریا کردووەتە ئامانج.

ڤادیم کۆلێت، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی روسیا (حمێمیم) رایگەیاند، لە 27ی ئەیلولی 2023دا، هێزی ئاسمانی رووسیا هێرشی کردە سەر “ئامانجە تیرۆریستییەکان لە شارۆچکەکانی ئەلحەلوبە و ئەلعەنکاوی لە پارێزگای ئیدلب”.

ئیدلب و ناوچەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە باکووری رۆژئاوای سوریا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا پەرەسەندنی سەربازی و هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیایان بەخۆوەبینی، دەستەی تەحریرشام (نوسرەی پێشوو) لە رێگەی میدیاکانیانەوە کۆنترۆڵکردنی چەند خاڵێکی حکومەتیان لە چیای زاویە راگەیاند، هەروەها رایانگەیاند کە چەند ئەندامێکی حکومەتی سوریایان لە کاتی بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکاندا کوشتووە.

جێگری بەرپرسی حمێمیم کە سەر بە وەزارەتی بەرگری رووسیایە، رایگەیاندووە، فڕۆکەکانیان کارگەی بەرهەمهێنان و شوێنی هەڵگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان کردۆتە ئامانج و لەناویان بردوون کە “چەکدارەکان بۆ هێرشکردنە سەر پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا و هاوڵاتیانی سڤیل بەکاریدەهێنن، ئەمە جگە لە حەشارگە ژێرزەمینییەکانی تیرۆریستان”.

مانگی رابردووش هەمان ناوەند رایگەیاندبوو، کە هێزی ئاسمانیەکانی رووسیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەگەڵ هاوتاکەیان لە هێزی ئاسمانی سوریا، بارەگایەکی “بەرەی نوسرە”یان لە گەڕەکێکی شاری ئیدلب تێکشکاندووە.

لە سەرەتای هەمان مانگدا رووسیا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زانیارییەکانیان دەربارەی ئامادەکارییەکانی “بەرەی نوسرە” بۆ هێرشکردنە سەر ئامانج و کاروانە سەربازییەکانی رووسیا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد