ئەنقەرە مەرجەکانی دیمەشق بۆ ئاساییکردنەوە بە کشانەوە لە خاکی سوریا رەتدەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی داواکارییەکانی دیمەشق بۆ کشانەوەی دەستبەجێ لە خاکی سوریا، وەک مەرجێک بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات رەتدەکاتەوە.

گولەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە ئامادەیە دانوستانەکانی نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا، رووسیا، سوریا و ئێران دەستپێبکاتەوە.

تورکیا لە جەنگی سوریادا لایەنگری نەیارانی ئەسەدی کرد و پەیوەندیی هەردوو وڵاتی ئاڵۆزتر کرد، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا بەرپرسانی بەرگری و هەواڵگری هەردوو وڵات بۆ یەکەمجار لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.

مانگی ئایاری رابردوو، وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، ئێران و رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، لایەنی رووسیاش باسی لە نەخشەی ئاساییکردنەوە کرد کە تا ئێستا وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون.

رۆژنامەی ستاری تورکی لە زاری گولەرەوە رایگەیاند، لایەنی سوریا ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ “هەندێک لەو ناوچانە بکات کە ئێمە ئارامی و ئاشتیمان تێدا بەدیهێناوە، لەگەڵ ئەوانەی نەوتی گەلەکەیان دەردەهێنن و دەیفرۆشن”، بە ئاماژەدان بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و  ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە رۆژئاوای کوردستان.

زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی فیدراسیۆنی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی رووسیا، داوای کرد کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق “به زووترین کات” ئەنجامبدرێت.

ئەو دیپلۆماتکارە رووسییە رایگەیاند کە ئەوان “شوێنپەنجەی کۆتایی” دەخەنە سەر نەخشەرێگاکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش