دەسەڵاتدارانی تورکیا 800 پەنابەری سوریا دیپۆرت دەکەنەوە

گوندەواری حەڵەب – ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 800 پەنابەری سوورییان لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە لە باکووری سوریا بە زۆر دیپۆرتکردەوە، کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.

سەرچاوە کارگێڕییەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 800 پەنابەری سوری، کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەبوو، لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە دیپۆرتکردۆتەوە و رادەستی میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزیان کردوونەتەوە لەو دوو دەروازەیە”.

روونیشیانکردوەتەوە، کە نزیکەی 80 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکان کراون لە دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رەققە و بۆ لێپرسینەوە بۆ پەناگەکان گواستراونەتەوە.

هاوکات بەپێی سەرچاوەکان، 135 پەنابەررادەستی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا کراونەتەوە لە دەروازەی گرێ سپی، هەروەها  170  پەنابەری دیکە لە رێگەی دەروازەی باب ئەلسەلامەوە رادەست کراوەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندەکان و پەناگەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.

هەروەها 495 رادەستی دەستەی “تەحریرشام” کراوەتەوە لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە، کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەیە، بە گوێرەی هەمان سەرچاوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای ئەوە هاتووە، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو بەڵگەنامە تایبەتەکانی دیپۆرتکراوەکانیان بردووە و پەنجەمۆریشیان کردوون بۆ دڵنیابوون لەوەی ناگەڕێنەوە بۆ تورکیا.

بەمەش ژمارەی دیپۆرتکراوی زۆرەملێی سوریا لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەرزدەبێتەوە بۆ زیاتر لە 15 هەزار.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی