“مەسەدە” حکومەتەکانی سوریا و ئێران و تورکیا بە “نانەوەی ئاژاوە” لە دێرەزوور تۆمەتبار دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنی پێنجشەممە، بەرپرسێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە”، لە میانی کۆربەندی دیالۆگدا لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، حکومەتی سوریا یەکێکە لەو لایەنانەی کە بەشداری لە “ئاژاوەگێڕیدا” لە دێرەزوور کردووە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و تورکیا، بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات.

“مەسەدە” بە ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆڕبەندێکی دیالۆگی لەژێر ناوی “قەیرانی سوریا و پێویستی گوتووێژی نیشتمانی” لە قامیشلۆی رۆژئاڤا لە هۆڵی “زانا” سازکرد.

لە کۆڕبەندەکەدا باس لە جەنگ لە سوریا، ئاڵنگارییەکان و ئاسۆکانی چارەسەریی لەو وڵاتە و پێویستی گوتووێژی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەمووان کرا، ئەمە جگە لە تاوتوێکردنی دوایین رووداوەکانی دێرەزوور.

ئامینە عومەر، هاوسەرۆکی “مەسەدە”، بە نۆرس پرێس راگەیاند، دەرکەوت کە رووداوەکانی دێرەزوور پلان بۆداڕێژراو و سیستماتیک بوون، لەلایەن چەند لایەنێکەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر بەڕێوەدەبرا، چ تورکیا، ئێران، یان حکومەتی سوریا، بەمەبەستی ناسەقامگیرکردنی ئاسایش و تێکدانی ئارامی ناوچەکە.

لەو ماوەی دواییەدا، گوندەواری دێرەزوور گرژی و پێکدادانی بەخۆوە بینی، کە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکدارانی دڵسۆز بۆ دیمەشق و تاران سەریهەڵدا.

مەبەست لە پلانەکە بڵاوکردنەوەی پشێوی و جیاکاریی بووە لەناو خەڵکی ناوچەکەدا، هەروەها بۆ ئەوەی خێڵەکان دژی پڕۆژەی بەڕێوبەریی خۆسەریی بوەستنەوە، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی “مەسەدە”.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان “مەسەدە”  و حکومەت و دوایین پێشهاتەکانی، ئامینە ئاماژەی بەوەدا، “گفتوگۆ لەنێوان ئێمەدا نییە، پێش ساڵانێک لەمەوبەر کۆبوونەوە هەبوو، بەڵام بۆ ئاستی گفتوگۆ بەرز نەبووەوە، ئێمەش بینیمان کە حکومەت هیچ رێگەچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا پێشکەش ناکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆبوونەوانە هیچ ئەنجامێکیان نەبوو، بۆیە بڕیارماندا بە راگرتنی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە لە نێوان “مەسەدە” و حکومەتی سوریا.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: روبین عومەر