جەندرمەی تورکیا دەستدرێژی دەکاتە سەر منداڵێک و گەنجێک لە گوندەواری حەسەکە

دەرباسییە – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا’جەندرمە’ لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنوور، لە نزیک شاری دەرباسییە لە باکووری حەسەکە، دەستدرێژییان کردە سەر منداڵێک و گەنجێک و بە توندی لێیاندان.

فاتیمە یونس، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی “شەهید خەبات” لە دەرباسییە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەو منداڵە ناوی (عەلی حسێن جندۆ)یە و تەمەنی 14 ساڵ، خەڵکی شاری سەرێ کانیێیە و نیشتەجێی شاری قامیشلۆیە، لەگەڵ ئەو گەنجە (عەزیز حەمۆ ناسۆ) 33 ساڵە و خەڵکی قامیشلۆ، بە توندی لەلایەن جەندرمەکانی تورکیاوە لێیاندراوە، لە نزیک شاری دەرباسییە، لەکاتێکدا هەوڵی پەڕینەوە دەدەن بۆ ناو خاکی تورکیا.”

رۆژی 14ی ئەیلول، دوو کەس لە گوندەواری شارۆچکەی تلتەمر لە باکووری شاری حەسەکە، لە کاتی هەوڵدان بۆ گەڕانەوەیان لە تورکیاوە بۆ ماڵی خۆیان، لەلایەن جەندرمەکانی تورکیاوە دەستدرێژییان کرایە سەر و لێیاندان.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: روبین عومەر