کۆچبەرێکی زۆر هاتوونەتە ئەڵمانیا و وڵاتەکەش توانای وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی نەماوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەڵمانیا پلانی هەیە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەراندا تووندتر بکات، وەزیری ناوخۆش رەخنەی ئەوە دەگرێت، کۆچبەرێکی زۆر دێنە نێو ئەڵمانیا و توانای وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانیان نەماوە.

نانسی فەیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: رێکاری نوێ بۆ توندکردنەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، لەگەڵ پۆڵەندا و کۆماری چیک بۆ رێگری لە هاتنی کۆچبەران دەگرێتەبەر.

گوتی “ئێستا پاسەوانی سنوورەکانمان بەشێوەیەکی کاتیی زیادکردووە و ئەو پرسە رێکدەخەینەوە و رێکارێکی گشتگیرتر دەگرینەبەر.”

ئاماژەی بەوەشدا رێکارەکان “نەرم و دیاریکراون”، ئامانجیشیان دروستکردنی زۆرترین فشارە بۆ سەر قاچاغچییەکان و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.

یەکێک لە رێکارەکان بۆ رێگری لە هاتنی بەلێشاوی کۆچبەران، تووندکردنەوەی سنورەکانە، لە نێوان پۆڵەندا، چیک و ئەڵمانیا، پێشووتر سنورەکانی لەگەڵ نەمسادا توندکردبووەوە.

هاوکات لە ناوچەی شنگن، ڕێگە نادرێت کۆنترۆڵی سنوورەکان بسەپێندرێت جگە لە هەلومەرجی نائاسایی، هەروەها دەبێت یەکێتی ئەوروپا لەو ڕێوشوێنە ئاگادار بکرێتەوە پێش ئەوەی جێبەجێبکرێت، بەڵام پێویست ناکات یەکێتی ئەوروپا لەو کۆنتڕۆڵە کاتیانەی ئێستا ئاگادار بکرێتەوە.

بەگوێرەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، کە گڵۆپی سەوزی لە هاوتا چیکییەکەی وەرگرتووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ رەزامەندی پۆڵەنداش لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی ئەوروپا لە برۆکسل وەربگرێت.