هەولێر – نۆرس پرێس
راپرسییە نوێکان، لەبارەى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکاوە، لەبەرژەوەندى جۆ بایدنى سەرۆکى ئەو ڵاتە نین، ئەو راپرسیانە ئاماژە بە کەمبوونەوەى پاڵپشتى بایدن بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو دەکەن.
بەگوێرەی راپرسییەکی کەناڵی NBC ئەمریکی، رێژەی پاڵپشتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ مانەوەی لە پۆستەكەى بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
راپرسییەکە کە لە مانگی ئەیلولەدا ئەنجامدراوە دەریخستووە 41٪ دەنگدەری تۆمارکراو پاڵپشتی کاری بایدن دەکەن، لەکاتێکدا 56٪ پاڵپشتی لەکاری بایدن ناکەن، ئەم رێژەیەش بەرزترین رێژەی دژایەتی کاری بایدنە لە مێژووی دەستبەکاربوونیەوە وەک سەرۆکی وڵات.
ئاماژە بەوەشکراوە؛ 53٪ هاوڵاتیان لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی بایدندا نین و لە 59%یش سیاسەتى ئابورى کابینەکەى بایدنیان پێ باش نیە.
هاوکات 74٪ ی بەشداربووانی راپرسییەکە، ترسیان لە سەلامەتى عەقڵ و ژیرى و تەمەنى بایدنى 80 ساڵ هەیە بۆ چوار ساڵى داهاتووى سەرۆکایەتى وڵاتەکەیان، پێیان وایە بایدن تواناى جەستەیی پێویستی نییە، بۆئەوەی بۆ خولی دووەم خۆی کاندید بکاتەوە.
لە راپرسییەکی دیکەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و ABCئەنجامدراوە، بایدن لەم قۆناغە سەرەتاییەی هەڵبژاردنەکاندا کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت بە ڕێژەی 10 خاڵ لە دوای ترەمپەوەیە واتە ترەمپ لە پێشڕەویدایە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە زیاتر لە 3 کەس لە هەر 5 کەسی دیموکرات و سەربەخۆکان کە مەیلی دیموکراتن دەڵێن کاندیدێکی تریان پێ باشترە جگە لە سەرۆکی ئێستا کە بایدنە. لەکاتێکدا کە ڕاوێژکارانی بایدن دەڵێن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا “بەهێزترین کاندیدی دیموکراتە بۆ ساڵی 2024”.
لەبارەی ترەمپەوە ئاماژە بەوەدراوە، ئەو پێگەیەکی بەهێزی لەسەر ئاستی نیشتمانی هەیە، سەرەڕای ئەو تۆمەتە تاوانکارییانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ترەمپ پاڵپشتی 54٪ کۆمارییەکان و سەربەخۆکان کە مەیلیان بۆ کۆمارییەکان هەیە بەدەستهێناوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە زیاتر کە ئەوکات 51٪ بووە.
سەرەڕای ئەم ئەنجامانە، واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، ” سەرەڕای پاڵپشتی گەورەی ترەمپ، بەڵام بەراورد بە راپرسییەکانی دیکە دەریدەخەن کە کێبڕکێکە بە نزیکەیی یەکسان دەبێت”.