ترامپ بایدن بە گەندەڵی و کارکردن لە بەرژەوەندی چین تۆمەتبار دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، گوتارێکی توندی دژی جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا پێشکەش کرد و تۆمەتباری کرد بە گەندەڵی و لاوازکردنی ئەمریکا و کارکردن بۆ بەرژەوەندی چین.

ترەمپ لە گوتارێکیدا لە کارگەیەکی کۆمپانیای دریک ئینتەرپڕایزز لە ویلایەتی میشیگان رایگەیاند، تەواوی ژیانی پیشەیی بایدن، بریتییە لە خیانەتی ئابووری و لەناوبردنی سەندیکاکان.

لە گوتارەکەیدا دژی بایدن گوتیشی: “سەندیکاکانی تێکدا، ملیۆنان هەلی کاری ئەمریکی بۆ دەرەوەی وڵات نارد، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی کەسیی پارەی بەدەستی لە وڵاتانی دەرەوە وەرگرت، تەماشای ئەو پارەیە بکەن کە لە چینەوە وەریگرتووە”.

لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە “گەندەڵی” بنەماڵەی بایدن لە کاتێکدایە کە تۆمارە داراییە بانگهێشتکراوەکان دەریدەخەن کە هانتەر بایدن دوای ماوەیەکی کەم لە چوونە ناو کێبڕکێی سەرۆکایەتی ساڵی 2020ی باوکی، 260 هەزار دۆلاری وەرگرتووە و ماڵی جۆ بایدن لە ویلمنگتۆن لە ویلایەتی دێلاوێر وەک ناونیشانی وەرگری ئەو پارانە ناوی هاتووە.

ترەمپ رەخنەی لە سەرۆک بایدن و دیموکراتەکان و سێ گەورە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل گرت دەربارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لەکاتێکدا نەیارانی کۆمارییەکان لە کالیفۆرنیا خۆیان بۆ دووەمین دیبەیتی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان ئامادە دەکەن.

بایدن کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتەبەر بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پێشنیاری کەمکردنەوەی بەرچاوی پاسماوەی دوانەئۆکسیدی کارۆنی ئۆتۆمبێلەکان، پەسەندکردنی بودجە بۆ وێستگەکانی پڕکردنەوەی کارەبایی، هاندان بۆ گۆڕینی دامەزراوەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل بۆ کارگەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی یان پاتری و زۆر شتی تر.

سەبارەت بە لێپێچینەوە لەگەڵیدا، ترەمپ گوتی، “هەرچەن رێژەی پشتگیریکردنم بەرزتر بێتەوە، تۆمەتبارکردنم زیاتر دەبێت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر