پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە گەرمیان ئەنجامدا

هەولێر- نۆرس پرێس

دوێنێ، پێنجشەممە، لە روپەڕی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە، شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە کە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق هەڵمەتێکی کێوماڵکردنیان لە دەڤەری گەرمیان بە سەرکەوتووی ئەنجامداوە.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە: ” لە درێژەی هاوکاری و هەمانگییە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق، دوای ئەنجام دانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و لەیەک تێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا، بەرەبەیانی ١٨ی ئابی ٢٠٢٢، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە سنوری میحوەرەکانی ١ و ٢ و ٣، لە ناوچەی گەرمیان ئەنجام درا، کە تیایدا لیواکانی پیادەی ٣و ٥ و ١٧ی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار بوون.”

هەروەها راگەێنراوە کە ” لە دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تەواوی ئەو ناوچانە کێوماڵ کران، کە لە پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا دانرابوو، هێزەکان تەواوی ناوچەکانیان پشکنی و کێو ماڵی دەڤەرەکەیان بە تەواوەتی کرد، دەرئەنجام ئۆپەراسیۆنەکە، لەکاتی دیاری کراودا سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات.”

ئاماژەش بەوە کراوە کە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق، لەماوەی رابردووشدا چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەو ناوچانەدا ئەنجام داوە، کە کەوتۆتە ناوچەی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق.

بە گوێرەی راگەێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئێستادا بەشێکی زۆری ئەم ناوچانە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنیەکاندان.