شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان میلیشیاکانی هەڵسوڕاو لە لایەن تورکیاوە لە گوندەواری حەڵەب دەستیانپێکردەوە

ئەعزاز – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان میلیشیاکانی تەحریرشام (بەرەی نوسرە پێشوو) و “جەیش وەتەنی” دەستیانپێکردەوە، ئەمەش پاش شکستهێنانی ئەو ئاگربەستە دێت، کە تورکیا بەسەر ئەو دوو لایەنە شەڕکەرەدا سەپاندنی.

ئێوارەی سێشەممەی پێشووش، هێزەکانی تورکیا ئاگربەستیان لە نێوان “بەرەی نوسرە” و گرپە دڵسۆزەکان بۆی لە لایەک و “جەیش وەتەنی” لە لایەکی دیکەوە، بە کشانەوەی چەکدارانی نوسرە لەو گوندانەی کە بەمدواییە دەتیانگرت بەسەریدا و رادەستکردنەوەی بە چەکدارانی “جەیش وەتەنی”، ئاگربەستیان سەپاند بۆ ئەو شەڕ و پێکدادانەی لە ئەنجامی ناکۆکی لەسەر دەروازەکان لە نێوانیاندا هاتە ئاراوە.

سەرچاوە سەربازییەکانی میلیشیای “سوقور شام”، وەک یەکێک لە لایەنەکانی چارەسەری ململانێکان، بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “گرووپی ئەلشەهبا” و “ئەحرار شام” – کەرتێکی ڕۆژهەڵات – سەر بە “تەحریرشام”، ئاگربەستی پێشێل کرد و هەڵیانکوتایە سەر گوندەکانی ئەلنوعمان، شەدود، ئیحتملات، و دوەیبق، کە پێشتر کشابوونەوە لێی و رادەستی هێزەکانی نەهێشتنی ململانێکانیان کردبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنەکانی فەیلەقی دوو دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان کردووە بۆ سەر چەند میحوەرێک لەدژی جموجۆڵ و خاڵەکانی گروپە دڵسۆزەکانی تەحریرشام، لە کاتێکدا تانکەکانی تورکیا لە بەشێک لە میحوەرە سەرەکییەکان جێگیرکرابوون، بەبێ ئەوەی هیچ جوڵەیەک بۆ راگرتنی پێکدادانەکان بکەن.

سەرچاوەیەکی کارگێڕی لە دەروازەی ئەلغەزاوییەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی تەحریرشامدایە، ئاماژەی بەوەکرد، تانکەکانی تورکیا رێگرییان لە کاروانێکی سەربازی “تەحریرشام” کردووە لە دەروازەی ئەلغەزاویە لە باکووری رۆژئاوای حەلەب، ئەمە جگە لەوەی رێگرییان کردوە لە تێپەڕینی کاروانێکی دیکە، بۆ بەزاندنی دەروازەی دێربلۆت بەرەو ئەو ناوچانەی کە لەلایەن سوپای نیشتمانییەوە کۆنترۆڵکراون لە باکووری حەڵەب.

ئاماژەی بەوەش کرد کە تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ “ئەلعەمشات” رێگەیان لە کاروانە سەربازییەکان گرت کە بۆ پاڵپشتیکردنی میلیشیا دڵسۆزەکانی “تەحریر شام” بڕۆن، لە ناوچەی قەڵغانی فورات لە باکووری حەڵەب، بەهەماهەنگی لەگەڵ “فەیلەق شام” و “ئەلعەشمات” کە بەرپرسیارن لە تێپەڕاندنی کاروانەکان بەرەو شوێنی مەبەست لە رێگەی عەفرینەوە تا گەیشتنیان بە ناوچەی ئەعزاز لە باکووری حەڵەب.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان