لەسەر رووداوەکەی حەمدانییە؛ پوتن سەرەخۆشی لە عێراق دەکات

هەولێر-نۆرس پرێس

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا سەرەخۆشی لە عێراق دەکات بەهۆی رووداوەکەی حەمدانییەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ چوارشممە 27ـی ئەیلوولی 2023، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کریملن) پەیامێکی سەرەخۆشی پوتنی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: “تکایە هاوخەمی دڵسۆزانەمان قبوڵ بکەن سەبارەت بەو ئاگرە دڵتەزێنەی لە شاری حەمدانییە روویدا کە قوربانی زۆری لێکەوتەوە”.

سەرۆکی رووسیا دەشڵێت: جێگەی داخە کە ئەم کارەساتە لە ناوەڕاستی ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا روویداوە.

پوتن هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکار و هاوڕێیانی قوربانیانی رووداوەکە دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکانی خواست.

درەنگانی شەوی رابردوو، لە قەزای حەمدانییەی سنووری پارێزگای نەینەوا لە هۆڵێکدا کە ئاهەنگی هاوسەریگیری لێئەنجام دەدرا، ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاد لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بریندار بوون.