لەدوای چین، رووسیا بیر لەبایکۆتکردنی بەرهەمە دەریایەکانی ژاپۆن دەکاتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

لەدوای ئەوەی ژاپۆن ئاوی فوکۆشیمای بەردایەوە نێو زەریای هێمن، رووسیا هاوشێوەی چین، بیر لە راگرتنی هاوردەکردنی خواردنە دەریایەکانی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

رێکخراوی چاودێریی تەندروستیی خۆراکی رووسیا، درەنگانی شەوی رابردوو، لەرێگەی راگەیەندراوێکەوە ئاماژەیدا بەوەی، وڵاتەکەیان بیر لە سنووردارکردنی هاوردەکردنی بەرهەمەدەریایەکانی چین دەکاتەوە بەهۆی ژەهراویبوونیان بە ماددەی زیانبەخش.

رێکخراوەکە دەشڵێت، لەرێگەی پەیامێکەوە بەرپرسانی ژاپۆنیان ئاگادکردووەتەوە، تاوەکو پێش بڕیاردان لەبارەی ژاهراویبوونی بەرهەمە دەریایەکان یاخود نا، کۆببنەوە.

گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پێش بڵاوکردنەوەی هەر بڕیارێک وڵاتەکەیان بە وردیی لە راگەیەندراوەکەی رووسیا دەکۆڵێتەوە.

لە نۆ مانگی رابردوودا، رووسیا بە بڕی 118 تۆن خۆراکی دەریایی ژاپۆنی هاوردەی وڵاتەکەی کردووە.

هەر لەبارەی راگەیەندراوەکەی رووسیا، ژاپۆن جارێکی دیکە ئاماژەیدا بەوەی، پشکنینکراوە بۆ ئاوەکە و دەرکەوتووە، رێژەی تیتانیۆم بەبڕی رێگەپێدراو لە ئاوەکەدا هەیە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر تەندروستی مرۆڤ نابێت، بۆیە داوادەکات لە هەردوو وڵات، بەگوێرەی بەڵگەی زانستیی بڕیار لەمبارەیەوە بدەن.

لە 24ی ئابی ئەمساڵ، ژاپۆن قۆناغی یەکەمی بەردانەوەی ئاوی کێڵگەی فوکۆشیمای بۆ زەریای هێمن دەستپێکرد و چینیش راستەوخۆ هاوردەکردنی بەرهەمی دەریایی ئەو وڵاتەی راگرت.

ساڵی 2011 بومەلەرزەیەکی بەهێز بووە هۆی دروستبوونی تسۆنامی لە وڵاتی ژاپۆن، لە ئەنجامدا کێڵگەی وزەی فوکۆشیما زیانی بەرکەوت و ئاوی ناو کێڵگەکە بە ماددەی ئایۆدین ژەهراویی بوو.