
هاوپەیمانان سەركردەیەكی داعش رادەستی هەسەدە دەکەن
حەسەکە – نۆرس پرێس
هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەركردەیەكی داعش بە ناوی ئەبو هەلیل فەدعانی، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستگیر کردبوو، رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە کرد.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەكانیان دوای ئەنجامدانی هەڵمەتێكی دابەزین لە هەلیكۆپتەرەوە لە باكوری سوریا، سەركردەیەكی باڵای داعشیان دەستگیركرد، بەڵام شوێنی دەستگیرکردن بە وردی دیارنەکرا.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چونکە هەماهەنگی و پەیوەندییەکی توکمە لە نێوانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان دا هەیە، سەرکردەی داعشمان، لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەکرێت سەربارەت بەو تاوانانەی کە لە دژی گەلەکەمان ئەنجامداوە هەروەها ئەو پلان و کردە تیرۆریستییانەی کە بەنیازبوو لە وڵاتانی جیهان ئەنجامیبدەن.
لە بەیاننامەکەی هەسەدە هاتووە، “جەخت لەسەر هاوبەشی بەهێز و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا تا کۆتاییهێنان بە شانەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە دەکاتەوە”.
لە کاتی دەستگیرکردنیدا، ئەمریکا رایگەیاند، فەدعانی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی داعش بووە لە سوریا.
ترۆی گارلۆك وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا وتی، دەستگیركردنی بەرپرسانی وەك فەدعانی، توانای ئێمە بۆ دۆزینەوەی شوێنی تیرۆریستان و بە ئامانجگرتنییان و دوورخستنەوەی مەترسییەكان زیاتر دەكات.