رووسیا گوندەواری ئیدلیب و حەمات بۆردوومان دەکات

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆردوومانی ناوچەکانی گوندەواری ئیدلب و حەماتیان کرد، لە ناوچەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە باکووری رۆژئاوای سوریا، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی بۆردومانی هاوبەش لە نێوان هەردوو لایەنی ململانێکاندا لە ناوچەکە.

ماڵپەڕ و دەزگاکانی راگەیاندنی لایەنگری ئۆپۆزسیۆن رایانگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی رووسیا دەوروبەری گوندی ئەلحەلوبەیان لە چیای زاویە لە باشووری ئیدلب کردۆتە ئامانج، هەروەک بۆردوومانەکان دەوروبەری گوندی ئەلعەنکاویان لە گوندەواری رۆژئاوای وڵاتەکە بەردەوام بوون.

هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆردومانی دەوروبەری گوندەکانی کفرعەمە و کفرتەعالیان کرد لە گوندەواری رۆژئاوای حەڵەب، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر زیانی مرۆیی هەبێت، هەروەها بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی هێزەکانی حکومەت یان وەزارەتی بەرگری لەمبارەوە بدرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا ئاژانسەکانی هەواڵی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی هەڵسوڕاو لە لایەن تورکیاوە، کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی حکومەتی سوریایان راگەیاند لە بەئامانجگرتنی پێگەکانیان لە ئەلمەلاجە لە گوندەواری باشووری ئیدلب.

دوێنێ سێشەممە، سەرکردەیەک لە میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆز بۆ تورکیا رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ بۆردومانێکی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر شاری جسرئەلشەغور لە رۆژئاوای ئیدلب بووە هۆی برینداربوونی 10 کەس، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.

سەرۆکی “جەبهەی وەتەنی” بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکرد، سەرچاوەی بۆردوومانەکە پێگەکانی حکومەت بووە لە کەمپی جۆرین لە گوندەواری حەمات، کە لە رووی جوگرافییەوە دراوسێی ئەو ناوچانەی سەر بە ئیدلبە.

ناوچەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە باکووری رۆژئاوای سوریا بۆردوومانی بەردەوامی نێوان هەردوو لایەنی ململانێکان بەخۆوە دەبینێت، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش لەکاتێکدایە هیچ لێدوانێک لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنانە نادرێت، کە هەمیشە لە ئەنجامدا مردن و برینداربوون لە هەردوولا دەکەوێتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد