هەولێر-نۆرس پرێس
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی نەوتی مانگی (ئاب/8) گەیشتوەتە هەشت ملیار و 997 ملیۆن دۆلار، وە بڕی 106 ملیۆن و 122 هەزار بەرمیل نەوت بە 35 کۆمپانیای جیهانی فرۆشراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی کۆتا ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی “سومۆ”، لە ماوەی مانگی (ئاب/8) 106 ملیۆن و 122 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، داهاتەکەشی هەشت ملیار و 997 ملیۆن دۆلار بوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بڕی 105 ملیۆن و 236 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی گەیارەش 420 هەزار و 991 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.
ئەوەشخراوەتەڕو، نرخی ناوەندی بەرمیلێک نەوت 84.78 دۆلار بوە، هەروەها لە رێگەی بەندەرەکانی بەسڕە و خورزوبێر، لە کۆگاکانی کەرکوکەوە بە بارهەڵگر هەناردەی دەرەوەی 38 کۆمپانیای جیهانی کراوە.
لە سەرەتای مانگی (ئەیلول/9) وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری فرۆشتنی نەوتی مانگی (ئاب/8)ی بڵاوکردەوە، لەوکاتەشدا داهاتی نەوت هەشت ملیار و 846 ملیۆن دۆلار بو، بەراورد بە ئێستا داهاتی نەوت 151 ملیۆن دۆلار زیادیکردوە.