رێکخراوێکی ئەمریکی کەمپی روکبان لەسەر سنووری سوریا و ئوردن و عێراق بەسەردەکاتەوە

روکبان – نۆرس پرێس

شاندێکی رێکخراوێکی مرۆیی ئەمریکی، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممە گەیشتە کەمپی ئەلروکبان لەسەر سنووری سوریا و ئوردن و عێراق، بە هێنانی هاوکاری مرۆیی، لە هەنگاوێکدا بۆ شکاندنی گەمارۆی حکومەت لەسەر کەمپەکە.

پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ شاندێکی رێکخراوی “فریاکەوتنی سوریا”ی ئەمریکی چوونەتە ناو کەمپی ئەلروکبان و گەشتێکیان بە هەندێک لە دامەزراوەکانی ناوەوە کردووە.

شاندەکە بە سەرۆکایەتی موعاز مستەفا، بەرێوبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە و بە یاوەری د. هەیسەم ئەلبازم، سەردانی نەخۆشخانەی پزیشکی شام و هەندێک لە قوتابخانەکانی ناو کەمپەکەیان کرد بە ئامانجی پشکنینی دۆخی تەندروستی کەمپەکە و پێداویستییەکانیان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شاندەکە هەزار و 800 سەبەتەی خۆراکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، جگە لە کتێبی قوتابخانە و پێداویستییەکانی تری پەروەردەیی، هەروەها شیری کۆرپە، هاوکات لەگەڵ بەڵێنەکانی شاندەکە بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئازادی سوریا و تیمی ئەمریکی لە “ئەلتەنف” . بنکە بۆ باشترکردنی بارودۆخی کەمپەکە.

کارگێرانی کەمپەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، شاندی سەردانکەر دوێنێ دووشەممە گەیشتوونەتە بنکەی ئەلتەنفی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دواتر هاوکاری لەناو کەمپەکەدا دابەش دەکەن.

لە ساڵی 2018ەوە  هەشت هەزار دانیشتووی کەمپی ئەلروکبان بەدەست گەمارۆیەکی سەختەوە دەناڵێنن و هێزەکانی حکومەت بە بیانووی نەبوونی ئاسایش لە ناوچەکە، رێگرییان لە گەیشتن بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی کەمپەکە هەبووە.